دکتۆر ئیدریس: پڕۆژەی ھەژماری من ھەنگاوێکی زۆر گرنگی حکومەتی ھەرێمە و پێویست ناکات بەغدا بیانوو بە ھەرێم بگریت

ھەولێر _kdp.INFO_ ماموستایەکی زانکۆ دەڵێت: پڕۆژەی ھەژماری من بۆ بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەران ھەنگاوێکی زۆر گرنگە و گرفتی بەئەلکترۆنیکردنی مووچە لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەکات و پێویست بە ھیچ پڕۆژەی دیکە ناکات، ئەگەر بەغداش ناڕازی بێت ئەوە جگە لەبیانوو گرتن بە ھەرێمی کوردستان ھیچی دیکە نییە.
دکتۆر ئیدریس ڕەمەزان، ماموستای زانکۆ و شارەزای ئابووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆژەی ھەژماری من یەکێکە لە پڕۆژە ھەرە گرنگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چەندین جۆری خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت، لەوانە بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر باشی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانیش بەئەلکترۆنیکراون و حکوومەت بەردەوامیشە لەوەی سەرجەم فەرمانبەران مووچەیان بەئەلکترۆنی بکرێت، بۆیە پێویستە ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت، پێویست بە ھیچ پڕۆژەی تازە ناکات، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ماویەکی زۆرە سەرقاڵی ئەو پڕۆژەیە و ناکرێت دەست بەرداری بێت.
دکتۆر ئیدریس ڕەمەزان گوتیشی: ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر لەوەی عێراقیش باشترە و پێویست ناکات جارێکی دیکە لەسەرتاوە دەست بەو پڕۆژەیە بکرێتەوە، ئەو پڕۆژەیەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە قازانجی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دایە، چونکە ھیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوەی ئەوان و بگرە ئەوەی ھەرێمی کوردستان باشتریشە، بۆیە دەکرێت ھەماھەنگی بکرێت بۆ ئەوەی بتواندرێت کار بکرێت و پڕۆژەکە تەواوبکرێت.
دەشڵێت: عێراق بیانوو بە ھەرێمی کوردستان دەگرێت بۆ ئەوەی ئەوان مووچە بەئەلکترۆنی بکەن لەکاتێکدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی پڕۆژەی ھەژماری من خۆی ئەوکارە دەکات، چ پێویست دەکات پڕۆژەیەکی دیکە ئەنجام بدرێت و تێچوویەکی زۆریشی لێ خەرج بکرێت، بۆیە ئەمە جگە لە بیانووگرتن ھیچی دیکە نییە.
بڵند ئیبراھیم




