بەرپرسێکی پارتی: ھاوکاری دەگەیەنینە ھەزاران خێزانی کەم دەرامەت
__2024_03_16_h15m59s59__ER.jpg)
بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەبۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان ھاوکاری دەگەیەنرێتە ھەزاران خێزان و چەندین پاکێج و ھاوکاری بەسەر خەڵکی کەم دەرامەت و ھەژاردا دابەش دەکرێت.
ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: چەندین پڕۆژەی ھاوکاریمان ھەیە بەبۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و بڕیارە لەم حەفتەیەدا زیاتر لە چوار ھەزار خێزانی کەم دەرامەت سوودمەندبن لە سەبەتەی خۆراک کە ئامادەکراوە بۆ خەڵکی ھەژار و دابەش دەکرێت، ھەروەھا لە درێژەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا سەردانی خێزانی شەھیدان و خێزانە ھەژارەکان دەکەین بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری ماددی.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: ھەر لە چوارچێوەی پلانی لقی ٢٠ی پارتی بۆ مانگی ڕەمەزان جلوبەرگی جەژن بۆ ژمارەیەکی بەرچاوی منداڵ دەکڕین و ھاوکارییەکانمان لەسەر ئاستی ھەر شەش ناحیەی قەزای شێخان بەردەوام دەبێت.
ساڵح حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێوارە خوانێک بۆ ھەموو پێکھاتەکانی سنوورەکە ڕێکدەخەین و سەردانی ھەموو شوێنە ئاینیەکانی دەڤەرەکە دەکەین بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان، شێخان لە دێرزەمانەوە شوێنی پێکەوەژیان بووە و پیاوانی ئاینی کریستیان و ئێزدیش زۆر ھاوکارن لەگەڵ موسڵمانانی ناوچەکە.
قائید میرۆ




