دووبەردانی: ھەوڵدەدەین ھەفتەی داھاتوو پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە پەسەند بکرێت

بەغدا _KDP.info_ سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: ھەموو کارەکانی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە تەواو بووە و ھەوڵدەدەین ھەفتەی داھاتوو دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان.
شێروان دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی پارێزگاکان پێش ھەفتەیەک سەردانی ھەڵەبجەمان کرد و دوای ئەوەش سەردانی سەرۆک بارزانیمان کرد و بەڵێنمان دا خوێندنەوەی یەکەم و دووەممان تەواوکرد ئێستاش کار دەکەین بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بدرێت و ببێتە چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان، دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا و تەرخانکردنی دوو ترلیۆن و ١٠٠ملیار دینار بۆ ھەڵەبجە، شیعەکان باسیان لەوە کرد لەبەر شەقامی ئێمە کە ھیچ خزمەتێک بۆ ناوچەکانیان نەکراوە داوایان کرد دوابخرێت تاوەکو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو دەبێت، ماوەی دوو مانگیش بوو ھەندێک کێشەی سیاسی ھەبوو تا کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو بوون، ئێستا کار دەکەین ھەفتەی داھاتوو لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئەو پڕۆژەیاسایە چوار ماددەییە بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.
شێروان دووبەردانی گوتیشی: زۆر ھەوڵمان داوە و نووسراویشمان کردووە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاری دیکەش لەگەڵ ئێمە دان و ڕازی بوون بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونی بدرێت و پەسەند بکرێت و بە فەرمیی ھەڵەبجە ببێتە چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان، بۆیە لە ھەوڵەکان بەردەوام دەبین تاوەکو پەسەند دەکرێت، چونکە ھەموو ڕێکارەکان تەواو بوونە و تەنیا ماوە دەنگی لەسەر بدرێت.
بڵند ئیبراھیم




