مەکتەبی سیاسیی ھەواڵی کۆچی دوایی ھەڤاڵی تێکۆشەر دکتۆر جەرجیس حەسەن ڕادەگەیەنێت

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی تێکۆشەر و ماندوونەناس و پێشمەرگەی دێرین (دکتۆر جەرجیس حەسەن) ڕادەگەیەنێت و پرسەنامەیەکیش ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو دەکات.
دەقی پرسەنامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خانەوادەی (دکتۆر جەرجیس حەسەن).
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی تێکۆشەر و ماندوونەناس و پێشمەرگەی دێرین (دکتۆر جەرجیس حەسەن) ڕادەگەیەنین و، بە خەمناکییەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو و بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان و سەرجەم ھەڤاڵانی پارتیمان دەکەین.
ھەڤاڵی خوالێخۆشبوو (دکتۆر جەرجیس حەسەن) کەسایەتییەکی ناسراوو کادیرێکی دێرینی پارتیمان بوو، لە ساڵی(١٩٤٥) لە شاری دھۆک لە دایکبووە، لە ساڵی (١٩٦٧) پەیوەندی بە ریزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەکات، ساڵی (١٩٧٩) بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتیمان (کۆنگرەی نۆیەم) ھەڵبژێردراوە، ساڵی(١٩٨٣) بۆتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیمان.
ھەڤاڵی ناوبراو پێشمەرگەیەکی چاونەترس و دڵسۆز بووە، لە ماوەی خەباتی بێوچانیدا بەشداری چەندین داستان و قارەمانێتی کردووە، ساڵی (١٩٨٨) وەک سەرکردەیەک بەشداری لە داستانی خواکورک کردووە، ھەروەھا لە ژیانی پارتایەتی و خەباتدا چەندین لێپرسراویەتی لە ئەستۆ گرتووە و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەنجامی داوە.
دوای ڕاپەڕینی گەلەکەمان لە ئاداری (١٩٩١) و دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێگەی دیاری ھەبووە و لە کار و لێپرسراویەتی حزبی و حکوومی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەردەوام بووە، بەتایبەت لە کابینەی سێیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ساڵی (١٩٩٦-١٩٩٩) وەزیری پەروەردە بووە.
دووبارە بەناوی خۆمان و ھەڤاڵانی کۆمیتەی ناوەندی پارتیمان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین خانەوادەی تێکۆشەری خوالێخۆشبوو (دکتۆر جەرجیس حەسەن) لە خەم و کۆستی دیکە بە دوور بن و لە خوای گەورە داواکارین روحی پاکی ھەڤاڵی کۆچکردوومان بە بەھەشتی بەرین شاد بکات.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٤ی ئاداری ٢٠٢٤




