نەجیبە نەجیب: پێکھاتەی دادگای فیدڕاڵی یاسایی نییە

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێی وایە بەھۆی نەبوونی زانایان پێکھاتەی دادگای فیدڕاڵی یاسایی نییە و پێویستە پەلە بکرێت لە ڕاستکردنەوەی ڕەوشی دادگای فیدڕاڵ و پێکھێنانی دادگایەکی نوێ لەسەر بنەمای دەستوور.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دادگای فیدڕاڵی لە سەردەمی برێمەر دامەزراوە و پێویستە دادگایەکی نوێ لەسەر بنەمای دەستووری ھەمیشەیی عێراق پێکبێت و ڕەنگدانەوەی ھەبێت لەسەر ڕەوشی ئێستای عێراق، چونکە ئەوەی ئێستا دادگا دەیکات پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، دەستوەردانی دادگا لە ھەموو پرسێک کێشەی بۆ عێراقیش دروست کردووە بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە دادگاکە ئەنجامبدرێت.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: بەپێی دەستوور دەبێت دادگا لە دوو دادوەر و شارەزایان پێکبێت و نابێت تەنیا دادوەر تێیدا بەشداربن و بڕیار بدەن، بەڵام دەبینین ھیچ زانایەک لەنێو پێکھاتەی دادگای فیدڕاڵدا نییە، ئەمەیش یەکێکە لە کێشەکانی ئێستای دادگا و پێویستە پێکھاتەی دادگا گۆڕانکاری بەسەردا بێت و بەپێی دەستوور ئەندامانی دادگاکە دیاری بکرێن.
نەجیبە نەجیب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لای ھەموو خەڵکی عێراق ئاشکرایە، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بەسیاسی کراون و ھەموو ئەو بڕیارانەی دژی ھەرێمی کوردستانیش دەرکراون سیاسین، بەڵام خراونەتە چوارچێوەیەکی یاسایی، ئەگەر ڕێگرییان لێ نەکرێت بڕیاری دیکەش دەردەچن چونکە لە ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە پلانی لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
قائید میرۆ




