دوو مانگە لێکۆڵینەوەکانی بەغدا لەبارەی ڕووداوەکەی ھەولێر بێ ئەنجامە
_(1)__2024_03_14_h16m38s47__ER.jpg)
بەغدا _KDP.info_ جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی: دوو مانگ بەسەر ھێرشە مووشەکیەکەی سەر ھەولێر تێپەڕیوە، تا ئێستا لێکۆڵینەوەکانی بەغدا ھیچ ئەنجامی نییە و ئەنجامیشی نابێت، چونکە جدی نین لەسەر ئەو پرسە.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ھێرشی مووشەکی لەلایەن ئێران بۆ سەر ھەولێر شەھیدبوون و برینداربوونی خەڵکی سڤیل، لیژنە لە حکوومەت و پەرلەمان دروستکران و سەردانی شوێنەکەشیان کرد و ڕاپۆرتی خۆیشیان ئامادەکرد، بەڵام دوو مانگ بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیوە هێشان لێکۆلینەوەکان بێ ئەنجامن و بڕواش ناکەم ھیچ ئەنجامی ھەبێت، چونکە نە حکوومەت و نەپەرلەمان جدی نین لەسەر ئەو پرسە.
سەگڤان سندی گوتیشی: ئێمە ھەموو کارەکانی خۆمان تەواو کردووە، ئێستا سەرۆکی لیژنەمان بۆتە پارێزگار و چاوەڕێ دەکرێت سەرۆکێکی نوێ دیاری بکرێت ئەو کات ڕاسپاردەکانی خۆمان بدەین بە سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڵام ھەرچی لیژنە لە عێراق پێکدێت بێ ئەنجامە و تەنیا کاری خۆیان دەکەن، بۆیە بڕوا ناکەم ئەو لیژنانەش ھیچ ئەنجامێکیان ببێت، چونکە پێویست بوو ھەر ئەو کاتەی ئێمە کارەکانی خۆمان تەواوکرد بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە بدرێت.
دەشڵێت: پێویست ناکات ڕووداوێکی وا گەورە کە خەڵکی سڤیل بوونەتە قوربانی لێکۆلینەوەکان بێ ئەنجام بن و ھیچ بڕیارێکی لێ نەدرێت، بەڵام ھیچ جدیاتێک و ڕژدبوونێک بەحکوومەت و پەرلەمانەوە نابیندرێت.
بڵند ئیبراھیم




