٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.ڤیان سەبری: سەرۆک وەزیران بەڵێنی دا سەرجەم داواکارییەکانمان لەبەرچاو بگرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا _KDP.info_  دوێنێ ئێوارە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی چەند پرسێکی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و کۆمەڵێک داواکارییان ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران کرد، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: سەرۆک وەزیران بەڵێنی دا سەرجەم داواکارییەکانمان لەبارچاو بگرێت و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.

د.ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێوارەی دوێنێ ڕۆژی چوارشەممە لە بارەگای سەرۆکایەتی وەزیران، لەگەڵ محمد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبووینەوە، پاش بەخێرھاتن و پێشوازی و پیرۆزبایی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و یادەکانی ئادار و ڕاپەڕینی شەعبان، چەند بابەتێک لەلایەن فراکسیۆنی پارتیمانەوە خرانە ڕوو کە خۆی لە ١٧ خاڵی سەرەکی دەبینییەوە، گرینگترینیان  پەیوەندی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان بە گشتی  و ئەو ڕێککەوتن و بەڵێنانەی لە پڕۆگرامی وەزاریی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و جێبەجێ نەکراون و پەیوەندییان بە بەرژەوەندییەکانی ھەرێمەوە ھەیە و پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کە لەگەڵ دەستووری عێراقدا ناتەبا بوون و  پشکی ھەرێم لە بودجەی وەبەرھێنان و جەختکردنەوە لەسەر ھەڵوێستەکان و پرەنسیپی ھاوسەنگی و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان لە پۆستە سەربازی و ئەمنییەکاندا، لەوانە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای ھەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بریکاری وەزارەتەکان و دەزگا سەربەخۆکان و جەخت لەسەر ئەو یاسا گرنگانە کرایەوە کە لە مەنھەجی وەزاریدا ھەن و پێویستە چاویان پێدا بخشێنرێت و بنێردرێن بۆ فراکسیۆن بۆ خستنەڕووی دیدگای فراکسیۆن سەبارەت بەو یاسایانە، لەوانەش یاسای دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی فیدراڵی.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان  ڕوونیشی کردەوە: بەشێکی دیکەی ئەو خاڵانەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران گفتوگۆمان لەبارەوە کرد،  لەبەرچاوگرتنی پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، وەک گەورەترین فراکسیۆنی کوردستانی لە لیژنە پێکھێنراو و ھاوبەشکانی نێوان ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان لە دەرمان، ھەروەھا دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ وەزارەتی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان و زیادکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان دەیانگرێتەوە و بە شەھید هەژمارکردنی ئەوانەی لە گوندە سنوورییەکان لە ھەرێمی کوردستان بە بۆردوومان شەھید دەکرێن وەک ئەوەی ھەیە لە حکوومەتی فیدراڵیدا و ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان و مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک کۆمپانیاکانی تری عێراقی و چارەسەرکردنی پرسی دوو جار باجدان.
دەشڵێت: بەشێکی دیکەی داواکاریەکانمان بریتیبوون  لە خەرجکردنی قەرەبوو بۆ ھاووڵاتیان لە ھەرێمی کوردستان پەیوەست بە پرسی موڵک و ماڵ و  دابینکردنی پەین و ئامێری پێشکەوتووی کشتوکاڵی بۆ ھەرێمی کوردستان، وەک تەواوی جووتیارەکانی پارێزگاکانی تر و  کردنەوەی لقی بانکی کشتوکاڵی و پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان، لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شەنگال و جێبەجێکردنی بڕگەکانی بەگوێرەی ئەوەی لە پرۆگرامی وەزاریدا ھاتووە، و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بەگوێرەی ئەوەی لە ڕێککەتنەکەدا ھاتووە و جەختکردنەوە لەسەر دانپێدانانی ئەو زانکۆ و پەیمانگایانەی ماونەتەوە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و بۆردی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکوومەتی فیدراڵی و چاوخشاندنەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، بەو پێیەی دەستوور مافی خوێندن لە سەرتاسەری عێراقدا زامن دەکات و جەختکردنەوە لەسەر پێدانی ( منحە) بە یانەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کە بەشدارن لە خولی یانە پیشەگەرەکانی عێراق، ھاوشێوەی یانەکانی عێراق و  گرنگیدان بە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، وەک لە پرۆگرامی وەزاریدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، ھەروەھا جەختکردنەوە لەسەر ھاوسەنگی ئیداری لە پارێزگای کەرکووک، فراکسیۆن داوایەکی ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد و داوای قەرەبووکردنەوەی لە بودجەی فریاگوزاری بۆ خاوەن دوکان و کۆشکەکانی فرۆشتنی جلوبەرگی لەنگە کرد کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی جلوبەرگی لەنگەی ھەولێر زیانێکی زۆریان بەرکەوت.
د.ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەش کرد: لە کۆبوونەوەکەدا دەست خرایە سەر بابەتە ھاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و ھەرێمی کوردستان و گفتوگۆی بەردەوامی نێوان ھەردوولا بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور، بۆیە سەرۆکی حکوومەت بەڵێنی دا سەرجەم ئەو داواکارییانەی لە کۆبوونەوەکە دا خراونەتە بەرباس ڕەچاو بکات و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار