٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مستەفا دلێمی بۆ KDP.info: سیاسەتی سەرۆک بارزانی لە باوەشگرتنی هەمووانە

سەرچاوە: KDP.info

سیاسەتڤانی ناسراوی سەربەخۆی عێراقی مستەفا دلێمی لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: سیاسەتی سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە جیاوازە لە سیاسەتی بەغدا، هەموو توانەکانی دەخاتە گەڕ بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە و لە باوەشگرتنی هەمووان، ئێستا هەرێمی کوردستان پەناگەیەکە بۆ هەموو گەلی عێراق بەبێ جیاوازی مەزهەبی و نەتەوەیی، ئێستا هەمووان بە ئەمن و ئاسایشەوە دەژین لە ژێر سایەی یاسادا و لە کوردستان دادوەریی دوورە لە کاریگەری سیاسەت و سەربەخۆیە لە بڕیارداندا.

پێشتر مستەفا دلێمی، سیاسەتڤانی ناسراوی عێراقی  لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) وێنەیەی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردۆتەوە و نووسیویەتی: بێ هیچ گومانێک، دەرکەوت لە عێراقدا تەنیا ئەمانە وەک سیاسەتڤان کار دەکەن. تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانیشیاندا مەردن ئەمانە لەخۆڕا هیچ جموجۆڵێک ناکەن.
لەبارەی ئەوەشەوە گوتی: بەڵی ئەمە حەقیقەتێکە تەنیا هەرسێ بارزانییەکە بە دروستی سیاسەت دەکەن.

وەک موستەفا دلێمی بەبیردێنێتەوە، هەرێمی کوردستان دەرگای خۆی بۆ عەرەبە سووننەکان کردەوە دوایی ئەوەی داعش ناچاریکردن کۆچبەربن لەگەڵ کەمتەرخەمی ئاسایشی عێراقی بووە هۆکاری شکستی نیوەی خاکی عێراق، ئەوکات حکوومەتی بەغداد داوای کەفیلێکی دەکرد بۆ چوونەوەی خێزانێکی مەدەنی بۆ نێو بەغدا بەڵام هەرێم بووە پەناگەیەک بۆ ئەم خێزانانەی بوونەتە قوربانی سیاسەتێکی هەڵە و تا ئێستاش بە خۆشی و ئارامی و بێ گوشار و دوور لە ڕەگەزپەرستی دەژین و بەدرێژایی مێژوو ئەم هەڵوێستە لەبیر ناکرێت.

دلێمی ئەوەیشی گوت: هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و مالباتەکەی جێگای تایبەتی هەیە لە هەموو دڵ و ماڵێکی سووننی دا.


دلێمی گوتی: هەندێک لە حزبەکانی بەغدا دەیانەوێن هەرێم وەک پارێزگاکانی عێراق بێت و بکەوێتە دەست دەوڵەتەکانی هەرێمیی و بڕیاری سیاسی و ئابووری و سەروەرییان بەدەستەوە نەبێت، بۆیەش بەردەوام دوژمنکاریان دەکەن و پابەندی هیچ ڕێککەوتنێک نابن بە بڕیاری دەرەوە بۆ ئەوەی کوردستان خۆی ڕادەست بکات، بەڵام خۆڕاگری و ڕوئیای سەرکردایەتی هەڕێم هەمیشە گفتوگۆ و سیاسەتکردنە لەپێناو خۆشی و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان. 


دلێمی دەشڵێت: هەرێمی کوردستان و بەتایبەت هەولێر لە هەموو ڕوویێکەوە گەشە دەکات، لەڕووی ئاوەدانکردن و ئیستقرار و ئابووری و پەیوەندی وڵاتان بەڕێزەوە بە بەرزترین ئاست مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئێمە تەماشەی کوردستان دەکەین لە عێراقدا تەنیا ئەوان دەزانن کاری سیاسیی بکەن لەسەر ئاستی جیهاندا. 

کاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار