٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دهۆك.. لە بیرەوەری ساڵیادی لە دایکبوونی بارزانی نەمر ھەڵمەتی دارچاندن ئەنجامدرا

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- ئەمڕۆ ١٢١ ساڵ بەسەر یادی لە دایکبوونی بارزانی نەمر باوکی روحی نەتەوەیی کورد تێپەڕ دەبێت، بەو بۆنەیەوە لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دھۆک چەند ھەڵمەتێکی دارچاندن بەڕێوەچوو.

ساڵانە بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی بارزانی نەمر باوکی روحی نەتەوەیی کورد، کە دەکاتە ١٤ی٣ وەکو زیندووکردنەوەی ئەو یادە ھەڵمەتی دارچاندن بەڕێوەدەچێت و، ئەمڕۆ لەسەنتەری پارێزگای دھۆک لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک ھەڵمەتێکی دارچاندنی لەبەردەم سەرۆکایەتی تەندروستی دھۆک ئەنجامدرا، لای خۆشیەوە بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دھۆک دکتۆر نەوزاد عەبدوڵڵا گوتی: "ئەم یادە پیرۆزە وەکو سیمبولی کوردایەتی و ھێزی ڕەسەنی کوردایەتییە، کە بارزانی نەمر ئومێدێک بوو بۆ گەلی کورد و بووە ھۆی ئەوەی زوڵم و زۆرداری لە گەلی کورد دەکرێت نەمێنێت و ژەنەڕاڵێک توانی ئەو ھێز و ئیرادەی ئەمڕۆ ھەیە لە جەنابیان وەرگرین و کاتێک کۆچی دوایی کرد تەمەنی ٧٦ ساڵ بوو، بۆیە ئەمڕۆ ٧٦ دارمان چاند و بەردەوامیش دەبێت ھەڵمەتەکە".

ھەر ئەمڕۆ لە پارکی بارزان لە دھۆک سەرۆکایەتی شارەوانی دھۆک ھەڵمەتێکی دارچاندنی بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی بارزانی نەمر ئەنجامدا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی دھۆکیش ئیسماعیل مستەفا گوتی، ئەمڕۆ بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی بارزانی نەمر و ڕاپەڕینی دھۆک ھەڵمەتێکی دارچاندنمان دەست پێکرد و ٧٦ دارمان چاند وەکو ھێمایەک بۆ تەمەنی بارزانی نەمر و بڕیاریشە لەناوچەکانی دیکەش ھەڵمەتی دارچاندن ئەنجام بدرێت.

ھەر ئەمڕۆ لە قەزای شێخان ھەڵمەتێکی دارچاندن بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی بارزانی نەمر بەئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حکوومی ئەنجامدرا.

لە قەزای بەردەڕەشیش ھەڵمەتێکی دارچاندن بەڕێوەچوو بەئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حکوومی و ١٢١ دار چێندران وەکو ھێمایەک بەسەر تێپەڕبوونی ١٢١ ساڵ بەسەر یادی لەدایکبوونی بارزانی نەمر، لای خۆشیەوە قایمقامی قەزای بەردەڕەش، ئیسماعیل مستەفا ڕەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ دامودەزگا حکوومیەکان و بەئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی لەقەزای بەردەڕەش ھەڵمەتێکی دارچاندنمان دەستپێکرد و ساڵانە لەم ڕۆژە لە زۆرینەی شارەکان دارچاندن ئەنجام دەدرێت، ئەمەش لەپێناو زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان، بۆیە ساڵانە ھەڵمەتی چاندنی دار ئەنجام دەدرێت و چاندنی ١٢١ داریش مانای ئەوەیە ئەمڕۆ ١٢١ ساڵ بەسەر لەدایکبوونی بارزانی نەمر تێپەڕدەبێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار