٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتارێکی پارتی: سبەی وەزیری دارایی عێراق بانگێشتی پەرلەمان دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: سبەی وەزیری دارایی بانگێشتی پەرلەمان دەکرێت و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی ڕووبەڕوو دەکرێتەوە.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سبەی نیوەڕۆ وەزیری دارایی عێراق بانگێشتی پەرلەمان دەکرێت و لەسەر چەند پرسێک لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی کۆدەبنەوە، لەوانەش پرسی باج و گومرک و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە وەزارەتی دارایی، هاوکات کێشەی مووچەی

فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیش لەگەڵ تەیف سامی باس دەکرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت: سبەی لە پەرلەمانی عێراق ئەو ئاستەنگانەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دروست کراون ڕووبەڕووی وەزیری دارایی دەکرێنەوە، چونکە ناکرێت دوای چەندین چاوەڕوانی ئێستا بەغدا بەو شێوەیە مووچە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت.

شێروان دووبەردانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەداخەوە وەزارەتی دارایی عێراق پابەندی ڕێککەوتن و بەڵێنەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ نییە، چونکە تا ئێستا وەزارەتی دارایی تەنیا مووچەی ٥٩%ی فەرمانبەرانی ناردووە، ئەوەیش پێچەوانەی ڕێککەوتنی پێشووی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵە، پێشتر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێککەوتووە بۆ دیاری کردنی پشکی ھەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار