پڕۆژەیەکی گەورەی بواری ئاژەڵداری لە ئاکرێ ئەنجام دەدرێت

ئاکرێ _KDP.info_ بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک دەڵێت: لە چوارچێوەی گرنگی دانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، پڕۆژەیەکی گەورەی بەخێوکردنی مانگا و بەرھەمی شیر بە گوژمەی نزیکەی نۆ ملیۆن دۆلار لە ئاکرێ جێبەجێ دەکرێت.
دکتۆر ھەڤال سدیق، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم گرنگی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەدات و ھەنگاوی زۆر باشیشی لەو باریەوە ناوە، لە سنووری قەزای ئاکرێ لە ناحیەی گردەسێن پڕۆژەیەکی گەورەی بەخێوکردنی مانگا و بەرھەمی شیر بە سەرمایەی ھەشت ملیۆن و ٦٨٣ھەزار دۆلارە ئەنجام دەدرێت.
دکتۆر ھەڤال سدیق گوتیشی: پڕۆژەکە دراوەتە وەبەرھێنەرێک بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، لەو پڕۆژەیە ژمارەیەکی زۆری مانگا بەخێو دەکرێن و بەرھەمی جۆراوجۆری شیریشی لێ بەرھەم دێت و دەبێتە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ لە سنووری پارێزگای دھۆک.
دەشڵێت: ئەو پڕۆژەیە سوودێکی زۆر باشی بۆ دەڤەرەکە دەبێت بۆ بەخێوکردنی مانگا و بەرھەمی شیر و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ خەڵکی دەڤەرەکە.
بڵند ئیبراھیم




