بڕیارە کێشەی ئەو دەنگدەرانەی پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە چارە بکرێت

بەغدا _KDP.info_ لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر ھەن گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان ھەیە و بەو هۆیەوە نەیانتوانیوە ناویان تۆمار بکەن، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەیەوێت ئەو گرفتە چارەسەر بکات.
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو
پارێزگاکان دەنگدەری زۆرمان ھەیە پەنجەمۆریان لە ئامێرەکان ناخوێندرێتەوە ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی بێبەش بن لە تۆمارکردنی ناویان بۆ دەنگدان، تەنیا لە پارێزگای دھۆک ٦٦ھەزار دەنگدەر ئەو گرفتەیان ھەیە، بۆیە داوامان لە کۆمسیۆن کردووە ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت، چونکە ناکرێت ئەو ژمارە زۆرە لە پرۆسەی دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان بێبەش بن، بەشێکیان بە تەمەنن، بەشێک نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە و بەشێکیش ئافرەتن، حاڵەتەکان جۆراوجۆرن.
خالید عەباس گوتیشی: خۆی بڕیارێکی کۆمسیۆن ھەیە ٥%ی ئەو کەسانە دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام کار دەکرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی ئەو گرفتەیان ھەیە بتوانن دەنگ بدەن و ڕێگاچارەیەکیان بۆ دەدۆزرێتەوە، دەکرێت بڕیارێکی تایبەت بەوان دەربچێت ت ئەوانیش ھاوشێوەی ئەوانەی خۆیان تۆمارکردووە بتوانن دەنگ بدەن.
لای خۆشیەوە گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ڕاستە دەنگدەرێکی زۆر ئەو گرفتەیان ھەیە و داواکاری چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش بە ئێمە گەیشتووە و چاوەڕێی ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەکەین بۆ ئەوەی بڕیارێک بدەن بۆ چارەسەرکردن.
بڵند ئیبراھیم




