توێژەرێک: "رێکەوتنامەی ١١ی ئادار وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو"

رۆژی ١ی ئادار لقی ١٦ی پارتی لە ئەورۆپا سیمینارێکی بەناو نیشانی رێکەتنامەی ١١ی ئادار لە نێوان دەستکەوتی رۆشنبیری و مافەکانی نەتەوەیی لە رێگەی وێبنارەوە بۆ د. محەمەد خدر مەولود سازکرد و تێدا ناوبراو تیشکی خستەسەر رێکەوتنی ١١ی ئادار و رۆڵی بارزانی نەمر لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و بەدەست ھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان.
لەدەستپێکی سیمینارەکەدا د. محەمەد خدر مەولود، توێژەر و مامۆستای زانکۆ گوتی" رێکەوتنامەی ١١ی ئادار بریتی بوو لە پێشەکیەک و ٢٢ برگە کە ١٥ یان ئاشکرابوو و ٧ی نھێنی بوون، ھەموویان پێکەوە دیکۆمێنتێکی مێژویی گرینگیان پێک ھێنا بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردستان، ھیچ نووسەرێک و نوێژەرێک لاری نیە لەوەی کە ئەم ئەو رێکەوتنامەیە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە بزاڤی رزگاری خوازی گەلی کورددا، گرینگی ئەم رێکەوتنامەیە لەوەدابوو یەکەم جاربوو وڵاتێک لە ئاستی فەرمیی سەرکردایەتی خۆی دان بەمافی نەتەوەیی کورد بێنێ وەکو مافی سیاسیی و رۆشنبیری بەپێی دەستووری عێراق.
توێژەر لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" ھێزو توانای بارزانی نەمر و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان وە بەتایبەتی خۆدی بارزانی نەمر دوو مەرجی زیاتری خستە سەر رێکەوتنامەکەو مەرجی سەرەکی بوون، ھیچ کاتێک بارزانی نەمر بۆ دانوستان نەدەچوو بۆ بەغدا بەپێچەوانەوە ھەموو جارێک شاندی ئەوان دەھاتن بۆ لای بارزانی لە سەرکردایەتی شۆڕش لە چۆمان ئەوەیش بۆ کارێزمایی و بەھێزی بارزانی نەمر دەگەڕێتەوە، لە لایەکی ترەوە حکوومەتی عێراق ناچارکرد ئەحمەد حەسەن بەکر سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق خۆی بەیاننامەی ١١ی ئادار بخوێنێتەوە.
د. محەمەد خدر مەولود گوتیشی" تا ئێستا ھەڵەیەک ھەیە دووبارە دەبێتەوە یان دوژمن خۆی وای بڵاو کردەوە کە پێی بۆ گوترێ بەیاننامەی ١١ی ئادار، ئەمە تەنیا بۆ بچووکردنەوەی رێکەوتنامەکەیە، باگراوندی ئەم رێکەوتنامەیە لەوەیە کە حزبی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست لە ساڵی ١٩٦٨ بەھەموو توانایەک دەیویست خۆی بەھێز بکات و خۆی بچەسپێنێت بەھەر نرخێک بێت بۆیە ھات لەگەل پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیاری ئەم رێکەوتنامەیەی کرد، ھەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە حزبی بەعس بە یارمەتی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو ھانی بریماکۆفی دا وەکو پیاوێکی ئاشتی رۆڵی ھەبێت لەنێوان سەرکردایەتی کورد و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق تا بتوانێت دەرچەیەک بدۆزێتەوە بۆ راگرتنی شەڕ وە رۆڵی سەرەکی بینی لەو رێکەوتنامەیە.
د. محەمەد خدر مەولود روونی کردەوە" بەھۆی کارێزمایی بارزانی نەمر و کەسایەتی خۆی توانی سەرکردایەتی شۆڕش بکات لە دژوارترین ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەڕووی رۆشنبیریەوە لە ساڵی ١٩٧١ یەکێتی نووسەران دامەزراو ھەژار موکریانی و سەعید ناکام نوێنەری بارزانی نەمربوون لە ھەڵبژاردنی یەکێتی نووسەران کە وەک جێگر دیاری کرا، ھەروەھا توانرا کۆڕی زانیاری کورد دابمەزرێنن کەسەر بەخۆ بێت و چەندین چالاکی بەڕێوەبرد، پەروەردەی کوردی لە بەغدا دامەزرا و گۆڤاری رۆشنبیری و رۆژتامەی ھاوکاری چەندین بڵاوکردنەوە بە زمانی کرد دەستیان بە وەشان کرد.
قائید میرۆ




