دکتۆر فازڵ نەبی: پڕۆژەی ھەژماری من زۆر گرنگە و پێویست ناکات عێراق بیانوو بە ھەرێم بگرێت

ھەولێر _KDP.info_ بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق گوتی: پێویستە عێراق مانگانە بەبێ گرفت مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە بکات و ئەوەی ئێستا دەکرێت بیانوو گرتنە بە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لاواز بکەن.
دکتۆر فازل نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی ، پلانێکی لەمێژە ھەیە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن، ئەوەی ئێستا لە بابەتی مووچەدا ھەیە بەشێکە لەو پلانە ئەگەرنا مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران بە ھیچ شێوەیەک پێویستی بە لیستی مووچە نەدەکرد، ئێستا ئەوەی ناردوویانە لە ٦١٨ملیاریش کەمترە و نزیکەی ٥٦٠ملیار دینارە، بۆیە ئەوە ھەموو کێشە دروستکردنە بۆ ھەرێمی کوردستان.
دکتۆر فازل نەبی گوتیشی: دادگای فیدرالی لەگەڵ وەزارەتی دارایی ڕێککەوتوون ئەگەر مانگی سێ مووچە لە بانکە حکوومیەکانی عێراق جێگیر نەبێت گرفت دروست بکەن و ڕەوانەی نەکەن، ئەوەش زەحمەتە و لانی کەم شەش مانگی پێویستە، بۆیە ئەوەی ھەیە تەنیا گرفت دروستکردنە بۆ ھەرێمی کوردستان و ھیچی دیکە نییە، ئەگەرنا پێویستە مانگانە مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆی ڕەوانە بکەن.
نەبی باسی لەوەش کرد: باشترین شت ئەوەیە پێویستە لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان بە یەک دەنگ بەرامبەر بڕیارەکانی دژی ھەرێمی کوردستان دەدرێن بوەستنەوە و مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ڕەوانە بکەن و چیتر گرفتمان بۆ دروست نەکەن، چونکە بەردەوام بیانووی تازە بە ھەرێمی کوردستان دەگرن.
دەشڵێت: لە ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ھەژماری من ھەیە، پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و لەخزمەت فەرمانبەران دایە و پێویست ناکات بیانوو بە ھەرێمی کوردستان بگرن، بۆیە ئەوەی ھەیە بیانوو بە ھەرێم گرتنە ئەگەر نا پڕۆژەکە زۆر باش و لە جێگەی خۆیەتی.
بڵند ئیبراھیم




