بەرپرسی لقی نۆی پارتی بەرنامەیەکی فراوانی خێرخوازی بۆ مانگی ڕەمەزان ڕاگەیاند
__2024_03_11_h17m43s6__HK.jpg)
ئاکرێ _KDP.info_ بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامەیەکی فراوانی خێرخوازی ڕاگەیاند و گوتی: بڕیارە ھاوکاری لەم مانگە بگەینینە ٥٠٠ خێزانی ھەژار و کەمدرامەت، ھاوکارییەکە لقی نۆ خۆی دابینی دەکات.
دکتۆر مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە ئێمە وەکو لقی نۆی پارتی بەرنامەیەکی فراوانی خێرخوازیمان هەیە، لە لقی نۆی پارتی بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ساڵانە ئەو بەرنامەیەمان ھەیە و دوای کۆنگرەی ١٤ی پارتی دەستمان پێکردووە، لە سنووری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش پار دەستمان پێکرد، ئەمساڵ بەشێوەیەکی فراوانتر دەست پێ دەکەین و بەپێی بەرنامەکە چەندین شوێن و چین و توێژ سوودمەند دەبن، ئەوانیش مزگەوت و شوێنی خودا پەرستییە و خێزانی ھەژار و کەم درامەت و قوتابیانی بەشی ناوخۆیی و منداڵی ھەژاران کە نەتوانن جل و بەرگی جەژن بۆ خۆیان دابین بکەن، بۆیە بە ژمارە ئەوانەی سوودمەند دەبن و ھاوکارییان پێ دەگەیندرێت ٥٠٠ خێزانی ھەژارن لە ئاکرێ و بەردەڕەش، بەشێکی خۆمان ڕاستەوخۆ ھاوکاریان دەکەین، بەشێکیش لەڕێگەی ناوچە و ڕێکخراوەکان دەبێت.
دکتۆر مەردان خدر گوتیشی: لە چوارچێوەی بەرنامەی خۆمان خورما و ئاوی خواردنەوە بۆ ٥٠٧ مزگەوت دابین دەکەین، لە فتارێکیش ئێوارە خوانێک بۆ نزیکەی ٣ ھەزار قوتابی بەشی ناوخۆ لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش ئەمادە دەکەین، هاوکات جلوبەرگی وەرزشی بۆ ٢ھەزار منداڵی ھەژار دەکڕین و ھەشت ھەزار کارتۆنی خۆراکیش بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دابین دەکەین.
خدر باسی لەوەش کرد: ھەر لەمڕۆوە دەست بە گەیاندنی ھاوکاری دەکەین بۆ ماڵە ھەژار و کەم درامەتەکان، بۆیە ھیوادارین ئەوانەی خواپێداون و دکتۆر و دەرمانخانە و مارکێتی گەورە ئەوانیش بێن بەشداری لەگەڵ ئێمە بکەن و بەشێک لە معاناتی خەڵک کەمبکەنەوە وەکو شارەکانی دیکە، چەند دەرمانخانەیەک ئامادەییان دەربڕیوە، ئێمە داواکارین زیاتر بێنە پێشەوە و دکتۆرەکانیش بە ھەمان شێوە بێنە پێشەوە و لەگەڵ ئێمە پێکەوە خزمەتی خەڵکی ھەژار بکەین، ئەم مانگە بە سەربەرزی بەڕێبکەین و دەستی ھاوکاری بۆ ھەژار و کەم درامەت درێژ بکەین.
بەرپرسی لقی نۆی پارتی ڕوونیشی کردەوە: ئەو خێزانانەی دیاری کراون بۆ ھاوکاری بەشێکیان زۆر ھەژارن بۆیە ڕێژەی ھاوکارییەکەیان زیاتر دەبێت، بەشێکیش باشترن ئەوان لەوەی یەکەم کەمتر دەبێت، دیاریکردنی ئەوانەش بە بەرنامە و دیراسەیکی ورد کراوە بۆ ئەوەی ئەوانە سوودمەند بن کە مستەحەقن.
دەشڵێت: ئەو ھاوکارییە ماددییانەی دابەشی دەکەین ھی لقی نۆیە، ئەوەی خۆراکیش ھەندێک خێرخواز ھاوکار بوون کە بەشێکی لە ئاکرێ و بەشێکیش لە دەرەوەی ئاکرێ بوون.
بڵند ئیبراھیم




