تالب سادق: سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی ڕاپەڕینی کرد

ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شاری ھەولێردا تێدەپەڕێت و شایەتحاڵێکی ڕاپەڕینیش دەڵێ: سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی کرد.
تالب سادق، ھەڵگری مەدالیای بارزانی نەمر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ڕاپەڕین لەلایەن جەماوەری خەڵکی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام ئیلھامیان لە ھێزی پێشمەرگە وەرگرت بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین، پێش ڕاپەڕین بەرەی کوردستان دروست بوو، سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتی بەرەی کوردستانی و ڕاپەڕینی دەکرد، ھەموو لایەنە سیاسییەکانیش شاھێدی بۆ ئەوە دەدەن، ئێمە نامانەوێ ڕاپەڕین لەوەوە بچووک بکەینەوە فڵان مەفرەزە چی کرد، ڕاپەڕین ڕەتکردنەوەی سیاسەتی تاکڕەوی و دیکتاتۆریەت بوو.
تالب سادق گوتی: بەرھەمی ڕاپەڕین حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانن و پێویستە پارێزگارییان لێبکەین، لەبەر ئەوەی بەرھەمی خوێنی شەھیدان و ڕاپەڕین و شۆڕشی کوردە، لە ھەمووشی گرینگتر پێکەوەبوونی ھێزە سیاسیەکانە کە بەرھەمەکەی ڕاپەڕین بوو، ئەوە نیشانەی ئەوەیە پێویستە ھەموو لایەنەکان پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی دەستکەوتی زیاتر بەدەست بێنین.
تالب سادق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەوانەی بەشدارییان لە ڕاپەڕین کردووە یانیش زۆڵم و ستەمی ڕژێمی بەعسیان بینیوە دەزانن بەرھەمی ڕاپەڕین بۆ خەڵکی کوردستان چەند گرینگە و گەورەترین بەرھەمیش ئەو ئازادیەیە ئەمڕۆ ئێمە تێیداینە، لەبەر ئەوەیش ئەرکی ھەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستانیشە پارێزگاری لەو دەستکەوتانەی ڕاپەڕین بکەین کە بەخوێنی پێشمەرگە و جەماوەری کوردستان بەدەست ھاتوون.
قائید میرۆ




