مەرج و کاتی تۆمارکردنی ھاوپەیمانیەتی و حیزب و کاندیدەکان دیاری کرا
_(2)__2024_03_11_h16m15s1__ER.jpg)
بەغدا _KDP.info_ گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: لەم ھەفتەیە دەست بە تۆمارکردنی ناوی ھاوپەیمانی و حزب و کاندیدەکان دەکرێت بەپێی چەند مەرجێکی دیاریکراو، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەی پێشوازیکردن لە تۆماری لیست و ھاوپەیمانییەکان و کاندیدەکانی دیار کرد، لە ١٣ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات تا ٢٢ ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، پێویستە لەسەر ئەو حزبانەی بەشداری ھەڵبژاردن دەکەن سەردانی فەرمانگەی تۆمارکردن بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، ئەوانەی دەیانەوێت بێن خۆیان تۆمار بکەن، ڕۆژانە لە کاتی دەوام دەتوانن سەردانمان بکەن.
جومانە غەلای گوتیشی: سەرۆکی حزب یاخود ھاوپەیمانی ناوی کاندیدەکان پێشکەش دەکات و لیست تۆمار دەکات، پێویستە ئیمزای خۆی لەسەر بێت و ھەر حزب و ھاوپەیمانیەتیەکیش بیەوێت خۆی لە ھەڵبژاردن بکێشێتەوە پێویستە لەو ماوەیە بێت کە دیاریمان کردووە، دواتر مافی کشانەوەی نامینێت، دوای تەواوبوونی ئەو کاتە لەماوەی ١٥ ڕۆژ لێکۆلینەوە لە ناوی کاندیدان دەکرێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی نەزاھە و بەڕێوبەرایەتی تاوان لە ھەرێم و عێراق بۆ ئەوەی بەپێی یاسا کاندید بکرێن.
غەلای باسی لەوەش کرد، پێویستە ئەوانەی لەشێوەی ھاوپەیمانی خۆیان تۆمار دەکەن ١٠ملیۆن دینار بدەن، ئەگەر حزبێکیش بێت ٥ملیۆن دینار دەدات، ئەگەر کاندید بێت یەک ملیۆن دینار دەدات، ئەو پارەیەش دەکرێت لەکۆتایی بگەڕێندرێتەوە یاخود بۆ خەزێنەی دەوڵەت بێت.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕوونیشی کردەوە: ئەو کەسانەی لە ھەرێمی کوردستان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین بزانین ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق چ بڕیارێک دەدات.
بڵند ئیبراھیم




