٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڕیارێکی حکومەتی عێراق کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئاوارەکان دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک _KDP.info_ بەڕێوەبەری فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەکانی دھۆک گوتی: عێراق بەردەوامە لە فشار خستنە سەر ئاوارەکان بۆ ئەوەی بەزۆر بیانگەڕێنێتەوە، ئێستا بڕیارێکی داوە کە سەرجەم قوتابخانەکانی تایبەت بە ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان دابخات، ئەمەش وادەکات چارەنووسی خوێندنی ژمارەیەکی یەکجار زۆری قوتابی بخاتە مەترسییەوە.

پیر دەیان جەعفەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن نوێنەرایەتی خۆی لە ھەرێمی کوردستان و سەرجەم ماموستایان بکشێنێتەوە و چیتر ئاوارەکان نەتوانن لە ھەرێمی کوردستان بخوێنن کە قوتابیی یەکجار زۆر لە ھەرێمی کوردستان لە خوێندنی عەرەبی دەخوێنن، بۆیە ئەو بڕیارە کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر قوتابیانی ئاوارە و مەترسی لەسەر چارەنووسیان دروست دەکات، چونکە ئاوارەکان ئامادەنین بەو شێوەیە بگەڕێنەوە بۆ سەر شوێنەکانیان و عێراق فشار دەکات و دەیەوێت بەزۆر بیانگەڕێنێتەوە.
پیر دەیان جەعفەر گوتیشی: قوتابی و خانەوادەکانیان لەو بڕیارەی عێراق ناڕازین و خوپێشاندانێکیشیان ئەنجامداوە و نایانەوێت قوتابخانەکانیان دابخرێن، دەیانەوێت درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن، چونکە لە سنووری ئێمە ١٥ کەمپ ھەیە و ٣٥٠ھەزار ئاوارەش لە ناو کەمپ و لە دەرەوەی کەمپەکان ھەن، بۆیە ئەو بڕیارە بەو شێوەیە کاریگەری زۆر خراپ دروست دەکات.
جەعفەر باسی لەوەش کرد: جگە لەوە عێراق بڕیاری داوە لەمساڵدا سەرجەم کەمپەکانیش دابخات، ئەمەش کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئاوارەکان دەبێت، چونکە پێویستە ئالیەتێکی باش ھەبێت و ئاوارەکان بە ئارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە، بۆیە  ئێستا ھاوکاریشیان کەمکردووە و دوو بۆ سێ مانگ جارێک ھاوکاری خۆراکیان پێدەدات، ئەمساڵیش سووتەمەنیان یەک جار دابەش کردووە ئەویش چەند کەمپێک لەو سووتەمەنییە بێبەش بوون، چونکە سوتەمەنییەکی کوالێتی خراپیان ھێنابوو، ئێمەش ڕەتمان کردەوە، بۆیە ئاوارەکان لە وەرگرتنی سوتەمەنیش بێبەش بوون.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار