٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: رێككه‌وتننامه‌ى (11)ى ئادار بووه‌ بناغه‌ى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانى دواترى گه‌لى كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، 11-03-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 54ـەمین ساڵیادی ڕێككه‌وتننامه‌ى (11)ى ئاداری 1970 پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ "به‌رهه‌مى تێكۆشان و قوربانیدانى گه‌لى كوردستان بوو كه‌ حكوومه‌تى عێراقى ناچار كرد دان به‌ به‌شێك له‌ مافه‌ ڕه‌واكانیدا بنێت، هه‌روه‌ها بووه‌ بناغه‌ى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانى دواترى گه‌لى كوردستان".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئه‌مڕۆ یادى شكۆدارى (54) ساڵه‌ى ڕێككه‌وتننامه‌ى (11)ى ئازارى 1970 ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق و شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوولدا به‌ ڕابه‌رایه‌تیى بارزانیى نه‌مر واژۆ كرا. ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ وه‌رچه‌رخانێكى چاره‌نووسساز و یه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ى فه‌رمى بوو له‌ مێژووى هاوچه‌رخدا. به‌رهه‌مى تێكۆشان و قوربانیدانى گه‌لى كوردستان بوو كه‌ حكوومه‌تى عێراقى ناچار كرد دان به‌ به‌شێك له‌ مافه‌ ڕه‌واكانیدا بنێت، هه‌روه‌ها بووه‌ بناغه‌ى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانى دواترى گه‌لى كوردستان.

له‌م یاده‌دا مێژووى پڕ له‌ نه‌هامه‌تیى ده‌وڵه‌تى عێراق به‌ بیرى هه‌مووان ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ لۆژیكى هێز و بیر و سیاسه‌تى نكۆڵیكردن له‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستان و پێكهاته‌كانى عێراق به‌گشتى، چ زیانێكى له‌ وڵات داوه‌؟ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق له‌ ڕێككه‌وتننامه‌كه‌، شه‌ڕ و ماڵوێرانى و كاره‌سات و ناسه‌قامگیریى به‌رده‌وامى بۆ عێراق و گه‌لانى به‌دواى خۆیدا هێنا كه‌ لێكه‌وته‌كانى تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامن.

با له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌م یاده‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تى لێكگه‌یشتنى هاوبه‌شى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ تێپه‌راندنى كێشه‌ و ناكۆكى تا پێكه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى ئاڵنگارییه‌كان ببینه‌وه‌ و ده‌سكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان و قه‌واره‌ى فیدراڵیى هه‌رێمى كوردستان بپارێزین. له‌ عێراقیش په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو و مێژووى پڕ له‌ ئازارى وڵات وه‌ربگرین، ده‌ستوور جێبه‌جێ بكه‌ین و سیستمى فیدراڵى و مافه‌كانى هه‌موو گه‌لان و پێكهاته‌كانى عێراق بپارێزین و به‌ ڕوانینێكى هاوبه‌ش به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێین.

 

سڵاو له‌ یادى ڕێككه‌وتننامه‌ى (11)ى ئازار و دروود بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان.

 

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2024/3/11

هەواڵی پەیوەندیدار