ئەمڕۆ مەراسیمی دابەشکردنی کتێبی دووەمی بازنەی گفتوگۆ ئەنجامدرا

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان مەراسیمی دابەشکردنی کتێبی دووەمی بازنەی گفتوگۆ بەناوی ئاڵنگارییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی، پانێڵێک سازکرا بەناونیشانی “گرنگی گفتوگۆ بۆ ئێستای ھەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئاداری 2024، لە مەراسیمی دابەشکردنی کتێبی دووەمی بازنەی گفتوگۆ بەناوی (ئاڵنگارییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی)، پانێڵێک سازکرا بەناونیشانی “گرنگی گفتوگۆ بۆ ئێستای ھەرێمی کوردستان” بۆ ھەریەک لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و محەممەد ڕەئووف، سیاسەتمەداری کورد.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی، حزبی، ڕۆشنبیر، ئەکادمیست، ڕۆژنامەنووس و میدیاکار چین و توێژی جیاجیا بەڕێوەچوو.
دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدان سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد، وتاری بەخێرھێنان لەلایەن دکتۆر سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشکەشکرا و تێیدا ئاماژەی بەوەدا: پلاتفۆڕمی بازنەی گفتووگۆ، لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەساڵی 2023 دەستپیکردووە و لێرەوە پرس و مژارەکان دەکەین بە بابەت و جیاوازی بیرو ڕا، ئایدولۆژیا حزبییە جیاوازەکان کۆدەکەینەوە و بە زمانی کوردی و عەرەبی چاپیان دەکەین، لە بازنەی یەکەمی گفتوگۆ، دەقی گفتوگۆیەکەمان لە کتێبێکدا یاداشتکرد بەناوی “ناڕەزایی خەڵک” چونکە خەڵک سەنتەری تێگەیشتنی ڕێبازی بارزانیی ییە، خەمی خەڵک بیرکردنەوەی ھەرە ڕۆشنبیری ئەم حزبەیە چونکە بارزانی نەمر فێری کردووین، مرۆڤ شانازییە خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت، کتێبی ئەمجارەش کە ئێستا بەھۆیەوە لێرە کۆبووینەتەوە بریتییە لە “ئاڵنگارییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی”.
دوای نمایشکردنی فلیمێکی دۆکیۆمێنتاری لەبارەی ئەلقەکانی بازنەی گفتوگۆ، پانێڵێک بۆ ھەریەک لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و محەمەد ڕەئووف، سیاسەتمەدری کورد سازکرا و تێیدا باس لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئاسایشی نیشتیمانی و گرنگی بازنەی گفتوگۆ و ڕۆڵی لە کۆکردنەوەی ئایدۆلۆژیا جیاکان کرا.
لەکۆتایی مەراسیمەکەدا سوپاسنامەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشکەش بە ئەندامانی بازنە و میوانانی ھەرشەش ئەڵقەی بازنەی گفتووگۆ کرا و پاشان کتێبەکە بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.





