٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە دھۆک چەندین بڕیار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی کاڵا دەردەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک _KDP.info_ لە پارێزگای دھۆک پانێڵێک لەبارەی ھاتنی مانگی ڕەمەزان و ڕەوشی بازاڕ بەڕێوەچوو، سەرۆکی کۆمەڵەی بەکاربەرانیش دەڵێ: چەندین بڕیار و ڕێنمایی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی کاڵا دەردەکرێن، لیژنەیەکیش سەردانی بازاڕ دەکات بۆ پێداچوونەوە و چاودێری کردنی بازاڕ.

د.کاوە دۆسکی، سەرۆکی کۆمەڵەی بەکاربەران لە دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لە شاری دھۆک بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان پانێلێک لەبارەی ئامادەکارییەکانی مانگی ڕەمەزان بەڕێوەچوو، تێیدا بە وردی باس لە ھۆکارەکانی گرانبوونی نرخی کاڵا لە مانگی ڕەمەزاندا کرا، بڕیارە لیژنەیەکی ھاوبەش سەردانی بازاڕ بکات و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی بازاڕ و نرخی کاڵاو کەلوپەل بێت، بۆ ئەوەی ھیچ بازرگان و فرۆشیارێک مانگی پیرۆزی ڕەمەزان نەکاتە دەرفەت بۆ گرانفرۆشی و بەرزکردنەوەی نرخ لەو مانگەدا.
سەرۆکی کۆمەڵەی بەکاربەران گوتیشی: پێویستە بەکاربەریش لە مانگی ڕەمەزاندا بەپێی پێویستی خۆی کاڵا بکڕێت و وەک ساڵانی ڕابردوو کڕینی کاڵا بە شێوەیەک نەبێت کاریگەری بخاتە سەر نرخ، چونکە بازاڕ پێکھاتووە لە خواست و خستنەڕوو، چەند خواست زۆرتربێت کاریگەری لەسەر نرخ و کوالێتیش دەبێت.

د.کاوە دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دوای پێداچوونەوە بە نرخی کەلوپەل لە بازاڕ و ڕەچاوکردنی ڕەوشی ئابووری ھاووڵاتییان، چەندین بڕیار و ڕێنمایی دەردەکرێن، لیژنەکانیش چاودێری بازاڕ دەکەن و ڕێگە نادرێت ھیچ کەسێک مانگی ڕەمەزان بکاتە دەرفەت بۆ گرانفرۆشی و فرۆشتنی کاڵای ماوەبەسەرچوو، ساڵانی ڕابردووش چەندین شوێن و بازرگان بەھۆی سەرپێچییەوە سزا دراون.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار