لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێ جێبەجێ دەکرێت
__2024_03_10_h16m27s23__ER.jpg)
بەڕێوەبەری شارەدێی شیلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن و پڕۆژەکە لەسەر ئاستی پارێزگای دھۆک یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژی و بەرچاوەکان و چەندین سوودی بۆ ناوچەکە دەبێت.
ڕزگار سارکی، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان لەسەر ئاستی پارێزگای دھۆک جێبەجێ دەکرێت، ھەموو ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە کراوە و لە چەند ڕۆژی داھاتوو لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێ دادەنرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردن، دیزاینی پڕۆژەکە دیارە بە شێوازێک دروست دەکرێت و کاریگەری زۆری لەسەر دەڤەری ئامێدی دەبێت.
بەڕێوەبەری ناحیەکە دەشڵێ: دەتوانم بڵێم کۆرنیشیی شیلادزێ پڕۆژەیەکی گەشتیاری و ئابووری گرینگە، چونکە دەبێتە ھۆی بووژانەوەی دەڤەرەکە لەڕووی ھاتنی گەشتیار، چونکە سنووری قەزای ئامێدی بە گشتی ناوچەیەکی گەشتیارییە ھەبوونی پڕۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێش کاریگەری زۆری ھەیە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران.
ڕزگار سارکی ڕوونی کردەوە: سەرمایەی پڕۆژەکە زۆرە و ژمارەیەکی زۆری دەرفەتی کاریش بۆ ھاووڵاتییانی شیلادزێ دەڕەخسێنێ، کۆڕنیشی شیلادزێ دیمەنێکی جوانیش بە ناوچەکە دەبەخشێت، دوای تەواوبوونی پێشبینی دەکەین خەڵک لە ھەموو ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان سەردانی بکەن بەھۆی جوانی و کاریگەری پڕۆژەکە.
قائید میرۆ




