بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی" لەمانگی رەمەزاندا شەو و رۆژ چاودێری بازاڕ دەکەین"

ھەولێر-KDP.info- لەگەل نزیک بوونەوەی مانگی رەمەزان تیمەکانی حکوومەت ئامادەکاری بۆ چاودێری بازاڕ دەکەن و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیش دەڵێ، رێگە بەھیچ کەس و بازرگانێک نادرێت مانگی رەمەزان بکاتە دەرفەت بۆ بەرزکردنەوەی نرخ.
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بەمالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" لەگەل نزیک بوونەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز ئامادەکاری دەکەین بۆ چاودێری کردنی رەوشی بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و رێگە بەھیچ کەس و بازرگانێکیش نادرێت مانگی رەمەزان وەک دەرفەت بەکاربێنێ بۆ بەرزکردنەوەی نرخ و ساخکردنەوەی کەلوپەل و خۆراکی ماوە بەسەرچوو، چونکە زیانی بۆ تەندروستی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ھەیە، تیمەکانمان ئامادە دەکەین بۆ مانگی پیرۆزی رەمەزان بچنە ناو بازاڕ.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی گوتی" ئەگەر پێشتر تەنیا لیژنە و تیمەکانی چاودێری بازرگانی تەنیا لە رۆژدا ئەرکیان جێ بەجێ کردبێت ئەوە لەمانگی رەمەزاندا بە شەو و رۆژ تیمەکانی چاودێری بازرگانی لەنێو بازاڕ و کۆگا و مارکێتەکان دەبن بۆ چاودێری رەوشی بازاڕ.
نەوزاد کامیل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" ھەر کەسێک پەنا بباتە بەر گرانفرۆشی و بەرزکردنەوەی نرخ لێپرسینەوەی لەگەل دەکرێت و ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا سزای چەندین بازرگان و ھاوڵاتی دراوە بە تۆمەتی بەرزکردنەوەی نرخ و ساخکردنەوەی کالای ماوەبەسەرچوو بۆ ئەمساڵیش ھەمان پلانمان ھەیە و توندتریش دەبین بەرامبەر ئەوکەسانەی سەرپێچی دەکەن.
قائید میرۆ




