سیاسەتمەدارێکی کورد: دادگای فیدڕالی بە دوای دەرفەتدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی دژی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەربکات
__2024_03_06_h15m55s18__ER.jpg)
ھەولێر _KDP.info_ سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت: دادگای فیدڕالی بە دوای دەرفەتدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بڕیار دژی ھەرێمی کوردستان دەربکات و دەسەڵاتەکانی کەمبکاتەوە و ھەرێم لاواز بکات، بۆیە پێویستە لەمەودوا ڕێگە نەدین و ھەر گرفتێک ھەبێت لەناو خۆمان چارەسەری بکەین نەک پەنا بۆ دادگا ببەین.
دکتۆر دیندار دۆسکی، سیاسەتمەداری کورد و وەزیری پێشووی حکوومەتی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دادگای فیدڕالی کاری ئەوەیە بڕیار لەبارەی ئەوپرسانە بدات کە داوای لێ دەکرێت یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام بەداخەوە دادگا بڕیارەکان دژی ھەرێمی کوردستان دەردەکات لەکاتێکدا پێویستە دادگا بێلایەن بێت و بە یاسایی بڕیار بدات، بەداخەوە دادگا بڕیارەکانی و خۆیشی دژی ھەرێمی کوردستانە، ئەوەی جێگەی داخە لەناوخۆی ھەرێمی کوردستان دەچن لەو دادگایە سکاڵا دژی ھەرێمی کوردستان تۆمار دەکەن، ئەوانیش ئەو دەرفەتە بەکار دێنن بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن و دەسەڵاتەکانیان کەمبکەنەوە.
دکتۆر دیندار دۆسکی گوتیشی: دەیانەوێت بە بڕیارەکانیان دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان کەمبکەنەوە و فشار لە سەر ھەرێمی کوردستان دروست بکەن، ئەمە ئاشکرایە و بڕیارەکانیشی پێویستە جێبەجێ بکرێت و ناتواندرێت تانەی لێ بدرێت، بۆیە باشترین ڕێگری و چارەسەر ئەوەیە لایەنەکان لە ھەرێمی کوردستان کێشەکان لەناوخۆ چارەسەر بکەن نەک پەنا بۆ دادگا ببەن و ئەوانیش بڕیار دژی ھەرێمی کوردستان دەربکەن، بۆیە پێویستە لەمەودوا بەھیچ شێوەیەک نەچین بۆ دادگای فیدڕالی سکاڵا تۆمار بکەین چونکە بەھیچ شێوەیەک لە بەرژوەندی ھەرێمی کوردستان بڕیار نادەن.
دۆسکی باسی لەوەش کرد: پێویستە چیتر ڕێگە نەدرێت کار بکرێت بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەو دەستکەوت و دەسەڵاتانە بەخوێنی شەھیدان بەدەستھاتوون، بۆیە پێویستە لەمەودوا یەکڕیز بین و چیتر ڕێگە نەدەین دادگا ھەوڵی لاوازکردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بدات، دەتوانین لەناو خۆمان ڕێکبکەوین و ڕێگری بکەین لەو بڕیارانەی دژی ھەرێمی کوردستان دەدرێن، چونکە ئەوان دەیانەوێت ئەو دەرفەتانەیان بۆ بێتە پێش دژی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەربکەن.
بڵند ئیبراھیم




