وەزیری پەروەردە: لە بەردەڕەش زیاتر لە ٥٠ قوتابخانە دروستکراون و نوژەنکراونەتەوە

دھۆک _KDP.info_ ئەمڕۆ لە قەزای بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دھۆک وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوو قوتابخانەی ١٢پۆلی کردەوە، لە میانەی کردنەوەی ھەردوو قوتابخانەدا گوتی: بە کردنەوەی ئەو دوو قوتابخانەیە تا ئێستا لەم کابینەیە پێنج قوتابخانەی تازە دروستکراون و چوار قوتابخانەی دیکەش کاری تێدا دەکرێت و ٤٦ قوتابخانەش نوژەنکراونەتەوە.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاری دھۆک دوو قوتابخانەی تازە لە قەزای بەردەڕەش کرانەوە، لە میانەی کردنەوەی قوتابخانەکان، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە کەرتی پەروەردە و دروستکردنی قوتابخانە دراوە، لەم کابینەیە ئەمە پێنجەم قوتابخانەیە لە بەردەڕەش تەواو دەکرێن و چواری دیکەش کاریان تێدا دەکرێت، حکوومەتی ھەرێم بە گوژمەی ٢ملیار و ٩٩١ملیۆن دینار ٤٦ قوتابخانەی لە قەزای بەردەڕەش نوژەنکردۆتەوە، ئێستا ٤٠ قوتابخانەی دیکە کار بۆ نوژەنکردنەوەیان دەکرێت و ٤٤ ژووری نوێش دروستکراون بۆ قوتابخانەکانی قەزای بەردەڕەش.
دکتۆر ئالان حەمە سەعید گوتیشی، ئەو قوتابخانانەی ئەمڕۆ کرانەوە یەک ملیار و شەش ملیۆن دیناریان تێچووە و لە بودجەی پارێزگای دھۆک دابین کراوە، ئێمە گرنگی بەو ناوچانە دەدەین قوتابخانەیان بۆ دروست بکرێت چونکە پێویستیان پێیە.
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم باسی لەوەش کرد: چاوەڕێی ئەوە دەکەین یاسای بودجە ھەموار بکرێتە و پشکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت، ئەو کات کار دەکەین بۆ ئەوەی ماموستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست، ئێمە وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بەڵێنی خۆمانین و جدین.
گوتیشی: ئەو ١٥٠ھەزار دینارەی ماموستا باس دەکرێت ببڕدرێت، لە عێراقیش دەدرێت و تاوەکو ئێستا ھیچ کێشەیەک نییە تا ئەو ١٥٠ھەزار دینارەی ماموستایان ببڕدرێت.
بڵند ئیبراھیم




