کۆمسیۆن خشتەی کاری خۆی بۆ ئامادەکاری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرد

بەغدا _KDP.info_ گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق خشتەی کاری خۆی بۆ ئامادەکاری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرد و ماوەی تۆماری دەنگدەرانیشی بۆ ١٠ی ئەم مانگە درێژکردەوە.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری لەسەر خشتەی کاری ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا، کۆمسیۆن بەردەوامە لە تەواوکردنی ڕێکاری پێویست بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بۆ ئەوەی لەو ماوەیەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دیاری کردووە (١٠/٦)ی ئەمساڵ ههڵبژاردن بەڕێوە بچێت.
جومانە غەلای گوتیشی: کۆمسیۆن لیژنەی پێکھێناون بۆ سەرپەرشتیکردنی کاری نووسینگەکانی کۆمسیۆن لە ھەرێمی کوردستان و ڕێکخستنی کارەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆش دواین وادەیە بۆ تۆماری دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ ١٠ی ئەم مانگە درێژکرایەوە، بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگدەر بتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
بڵند ئیبراھیم




