به ھاتنی سەرۆک بارزانی بۆ ڕانییه پشتئەستووری دروست بوو و بووە چەپڵەرێزان

ڕانیە-KDP.info- خەڵکی ھێندە تاسەی سەربەخۆیی دەکرد، ھێندە ئازاری بە دەس بەعسەوە چەشتبوو، دوو ڕۆژ بەر لە وادەی دیاریکراو، کە لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە بۆ ڕاپەڕین دیاری کرابوو، ڕانیە یەکەم بڵێسەی ڕاپەڕینی ھەڵکرد، ئەوە قسەی نیازی حەمە عەزیز، بەشداربووی ڕاپەڕینی ڕانیەیە.
پاش شکستی سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی و ئابووریی حکوومەتی بەعسی عێراق بە داگیرکردنی دەوڵەتی کوێت لە ٢ی٨ی١٩٩٠، ھەلێکی زێڕین بۆ كوردستانیان ھەڵکەوت، کە لە بەرامبەر ئەو ڕژێمە سەرکوتکەرەدا ڕاپەڕن و کۆتایی بە داگیرکاریی دەیان ساڵە بھێنن.
ڕاپەڕینی ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ کرد و تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لە پاش ئازادکردنی کەرکووک کۆتایی ھات، نیازی حەمە عەزیز، کە ئەوکات ئەرکی سەرپەرشتیاری ڕاگەیاندنی پێ سپێردراوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، چیرۆکی حەماسەتی ھاووڵاتییانی شارۆچکەی ڕانیە و دەوروبەری دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "سەرەتا لە چوارقوڕنە، ٥ی ئازار، ھاووڵاتیان دەستیان کردبوو بە خۆپێشاندان و گرژییەک دروست ببوو، بەڵام ڕژێم فریا کەوت و نەیھێشت ھیچ شتێک ڕوو بدا، ئەو دەنگوباسە گەیشتە ڕانیە، بەرەی کوردستانیش خەڵک و شانەکانی خۆیان ھاندابوو شانەی چەکداری دروست بکەن بۆ ڕۆژی ڕاپەڕین، بە ھۆی خۆشەویستیی خەڵکەوە بۆ ئازادی، لە بەرەبەیانییەکەیەوە خۆپێشاندان دەستی پێکرد".
بەرەی کوردستانی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کاروباری ناوخۆییان بەڕێوە دەبرد، ھاوکات جەلال تاڵەبانیش کاروبارەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانی پێ سپێردرابوو، بەرنامەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە ڕێکەوتی ٧-٣-١٩٩١ داندرابوو، بەڵام وەک ئەو بەشداربووەی ڕاپەرینی ڕانیە ئاماژەی پێدا: "خەڵکی ھێندە تاسەی سەربەخۆیی دەکرد، ھێندە ئازاری بە دەس بەعسەوە چەشتبوو، دوو ڕۆژ بەر لە وادەی دیاریکراو، کە لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە بۆ ڕاپەڕین دیاریکرابوو، ڕانیە یەکەم بڵێسەی ڕاپەڕینی ھەڵکرد".
سەرەتای دەسپێکردنی ڕاپەڕین
بەشداربووەکەی ڕاپەڕینی ڕانیە، ھێمای بۆ یەکەم ھەنگاوی ڕاپەڕینی ھاووڵاتییانی شارۆچکەکە کرد، کە خەڵکانی تینووی ئازادی و چەوساوەی دەستی ڕژێمی بەعس، بە گەورە و بچووکەوە بەرەو مزگەوتی گەورەی ڕانیە بە خۆپێشاندان ڕۆیشتن، بەڵام لە لایەن ئەمنەکانەوە تەقە لە ھاووڵاتییان کرا، بەڵام وەڵامی تەقەی ئەمنەکان درایەوە و، ئەوەش بووە بەشێکی تر لە زیاترکردنی حەماسەتی خەڵکەکە و بووە چەپڵەڕێزان، بە ژن و پیاو و گەورە و بچووکەوە، کە ھەزاران کەس ئامادە بوون، چووینە ناو مزگەوتەکەوە و سوودمان لە بڵندگۆی مزگەوتەکە وەرگرت و بانگەوازی ڕاپەڕینمان ھاوشانی ئێزگەکانی پارتی و یەکێتی بە گوێی خەڵکیدا دەدا".
نیازی گوتیشی: "دوای چەند شەڕ و پێکدادان و شەھید و بریندار نزیکەی سەعات سێ کە زانییان ھیچیان بۆ ناکرێ، پیاوانی ئیستیخبارات خۆیان ڕادەستی گەل کرد و لەوێش ھەموویان بە سزای گەل و نیشتیمان گەیەندران، چونکە ئەوانە دەستیان لە کوشتن و شوێن بزرکردن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی سڤیل ھەبوو، ئەوە بوو تا سێ بۆ سێ و نیو تەواوی شارۆچکەی ڕانییە لە پیاوانی ڕژێم پاک کرایەوە".
ڕانییە دەستەوەستان نەبوو
دواتر خەڵکی ڕاپەڕیوی شارۆچکەکە، وەک نیازی گوتی، بەرەو سەربازگەیەک لە دەربەندی ڕانیە دەچن و دەستی بەسەردا دەگرن، پاشان بەرەو پشدەر و بەری مەرگە، بەبێ پشتیوانیی پێشمەرگە دەست بەسەر سەربازگەکاندا دەگرن.
ھاتنی سەرۆک بارزانی و ھێزەکانی پێشمەرگە
نیازی دەڵێ، مەفرەزەکانی پێشمەرگەش، کە پێکھاتبوون لە پارتی و یەکێتی و سۆسیالیست و بەشێکی کەمی بزووتنەوەی ئیسلامی ھاتنە ناو شارۆچکەکە، "ھاتنی ئەو ھێزانەش بووە مایەی دڵخۆشی و بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک، چونکە ھێزی پێشمەرگە بە مونەزەمی شەڕی دەکرد و چەکی پێشکەوتووی پێبوو، ناوبراو دهڵێت، ھاتنی سەرۆک بارزانی و نەوشیروان مستەفا، بە تایبەتیش سەرۆک بارزانی بۆ ناو ڕانیەی تازە ئازادکراو، بووە مایەی درووستبوونی ورەیەکی یەکجار گەورە، ھەر لەو مزگەوتەی کە کردبوومانە ئێزگەیەک بانگەوازی ھاتنی سەرۆک بارزانیم ڕاگەیاند، کە بووە چەپڵەرێزان و دڵخۆشیی خەڵکی و متمانەیەکی زۆری ڕاپەڕیوانی دەستی زوڵم و زۆری بەعس، کە سەرکردەیەکی وەک سەرۆک بارزانی ھاتووەتە ناو شارۆچکەیەکی ئازادکراو، جۆرێک لە پشتئەستووری دروست بوو.
ھەر لە ڕانیە سەرۆک بارزانی وتارێک پێشکەشی دانیشتووانی شارۆچکەکە دەکات و دەڵێت: "ڕاپەڕین و قوربانی و فیداکاری خەڵکی ڕانیە، بارتەقای ٣٠ ساڵ خەباتی شۆڕشی کوردە"، ئەو وتەش تا ئێستا لە زیھنی ڕانیەییەکاندا ماوەتەوە.
سەرۆک بارزانی لە ڕانیەوە ھێزەکان ڕێکدەخات
نیازی باسیش لە چۆنییەتی ڕێکخستن و دانانی بەرنامەی ھێزەی پێشمهرگه و خەڵکە خۆبەخشەکان دەکات، لەلایەن سەرۆک بارزانی و دەڵێ: "ھێزەکان دابەش کران، بەشێکیان بەرەو دووکان و سلێمانی، ھێزێکی تر بەرەو کۆیە، کە لە چنارۆک تووشی شەڕێکی سەخت بوون، ھێزێکی تریش بەرەو شەقڵاوە، جەنابی سەرۆک بەرەو کۆیە و ھەولێر بەڕێ کەوت".
١٤ی ئازار سەرۆک بارزانی وتارە مێژوویییەکەی لە کۆیە دەخوێنێتەوە، مژدەی ھەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان بە ھاووڵاتییانی باشووری کوردستان دەدات، خەڵکی خۆیان بڕیاری خۆیان لە بەڕێوەبەردنی ھەرێمدا دەبێت.
ڕانیە تاوەکو معەسکەر خالیدی کەرکووک شەھید و برینداری داوە
دوای ھاتنی سەرۆک بارزانی بۆ ڕانیە و دابەشکردنی ھێزەکان بەرەو شار و شارۆچکەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، ڕووش لە کەرکووکی دڵی کوردستان دەکرێت، تا لە ٢٠ی ئازار وێڕای بەرگریی سەختی دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس، کەرکووکیش ڕزگار دەکرێت، وەک گوتیشی: "رانیە، بووە سەرمەشق و بڵێسەی ئاگری ڕاپەڕینی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان، زیاتر لە ٦٠ ھاووڵاتی ڕانیە ھەر لە سەرەتای ڕاپەڕینی شارۆچکەکە تاوەکو کەرکووک، کە بەشدار بوون، شەھید بوون، زیاتر لە ١٢٠ کەسیشمان بریندار بوون".
ھەڵکەوت محەممەد




