٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھیوا عەلی: ھەرێم و ئیسپانیا لەبواری کشتوکاڵ ھەماھەنگی دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ شاندی ژمارەیەک وەزارەت و دەستەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بازرگان و وەبەرھێنەرانی وڵاتی ئیسپانیا کۆبوونەوە، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێ: دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی ئیسپانیا وەربگرین و دەرفەت دەدرێتە وەبەرھێنەر و بازرگانانی ئیسپانیا بێنە کوردستان.

  ھیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و دەستەی وەبەرھێنان لەگەڵ شاندی بازرگانان و وەبەرھێنەرانی وڵاتی ئیسپانیا کۆبوونەوە، مەبەست لەو کۆبوونەوەیەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بازرگان و وەبەرھێنەرانی ئیسپانیا ئالۆگۆڕی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیسپانیا بوو بەتایبەتی ئەو پەیوەندیانەی لەم کابینەیەدا ئەنجامدراون لەگەڵ وڵاتان، بازرگان و وەبەرھێنەرانی ئیسپانیا بۆ چەند ڕۆژێک لە ھەرێمی کوردستان دەمێننەوە بە مەبەستی ھەماھەنگی لە نێوان بازرگانانی ھەرێم و ئیسپانیا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی.

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: ھەرێمی کوردستان دەیەوێ سوود لە ئەزموونی ئیسپانیا وەربگرێت و دەرفەتەکانی وەبەرھێنان لەبوارەکانی پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵ بڕەخسێنێ تا کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی وڵاتی ئیسپانیا ڕۆڵیان ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان.

ھیوا عەلی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێمە سوودی دیکەش لەو پەیوەندییانە دەبینین، لەوانە کردنەوەی دەرگای وڵاتی ئیسپانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بچێتە بازاڕەکانی جیھان، ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی خۆمان ھەیە لە بواری وەبەرھێنان، بە تایبەتی دەمانەوێ لە ھەندێ بواری وەک شیرەمەنی و سەنتەرەکانی پەرەپێدان سوود لە ئەزموونی ئیسپانیا وەربگرین، زۆر وڵات ھاوکار و پاڵپشتن بۆ کەرتی کشتوکاڵ، بە تایبەتی بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ و بەزانستیکردنی کەرتی کشتوکاڵ.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار