د.خەلیل ئیسماعیل: ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی لە بەرامبەر ڕەوشی ئێستا دیارە
__2024_03_04_h15m35s27__ER.jpg)
ھەولێر _KDP.info_ سەرۆک بارزانی لە دیمانەی ڕادیۆی مۆنتی کارلۆ دەڵێ: بەداخێکی زۆرەوە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ھەمووی لە دژی ھەرێمی کوردستانە، بە تەواوی لاگیری دەکات و دژی ھەرێمی کوردستانە، بۆ زانیاری ئەو دادگایە دادگایەکی دەستووریی نییە، بەڵکو لە سەردەمی برێمەر پێکھێندراوە، ئێستا بە ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن ھەڵدەستێت.
پێموایە دادگای فیدڕاڵی زیادەڕۆیی لە دەسەڵات و ئەرکە بنەڕەتییەکانیدا کردووە، بڕیارەکانی بە ئینساف و دادپەروەرانە نییە و بە تەواوی لە دژی ھەرێمی کوردستانە.
لەبارەی ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی لە دیمانەکەی ڕایدۆی مۆنتی کارلۆ د.خەلیل ئیسماعیل، پسپۆر لە جوگرافیای سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی لە بەرامبەر ئەو بڕیارانەی دژی ھەرێمی کوردستان دەر دەکرێن دیارە، من بە ڕاشکاوانە دەیڵێم لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ باوەڕیان بە سیستەمی فیدڕاڵی و ئەزموونی ھەرێمی کوردستان نییە، ھەر ئەوەیش وایکردووە جار جار بۆ لاوازکردنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان پەنا بۆ دەرکردنی ھەندێ بڕیار دەبەن، ئەو بڕیارانە لەکوێ دەربکرێن مەبەستیان لە پشتە، جارێک لە حکوومەت و جارێک پەنا بۆ دادگای فیدڕاڵی دەبەن، گرینگ ھەر جارێک پەنا بۆ شوێنێک دەبەن.
ئەو پسپۆرەی جوگرافیای سیاسی دەڵێ: ئێمە چەند بتوانین نەرم بین بۆ تێپەڕاندنی ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان ھەر کەمە، چونکە لە زۆر لاوە ھەوڵی لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان دەدرێت، ئەو ھەموو ھێرش و پیلانە پێویستی بە سەبر ھەیە، دواتر پێویستمان بە پێداچوونەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ھەیە، لەبەر ئەوەی ئەم ڕەوشە لە حکوومەتی عێراق قبووڵ ناکرێت.
پەیوەست بە بەسیاسی کردنی بڕیارەکانی دادگادا بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان د.خەلیل ئیسماعیل ڕوونیکردەوە: ھیچ گومانی تێدا نییە ئەو بڕیارانەی دژی ھەرێمی کوردستان دەردەکرێن پاڵنەری سیاسی لەپشتە، تەنانەت زۆر لە دەرەوەی پرسی یاسایی و دەستووری بڕیار دژی ھەرێم دەردەکرێن، گرینگ ئەوەیە بۆ تێپەڕاندنی ڕەوشەکە خۆمان ئامادە بکەین و پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی لەسەرووی ھەموو شتێکەوەبێت.
قائید میرۆ




