بەرپرسێکی وەبەرھێنان: سێ لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەوشی بازاڕ و کارگەکان پێکھاتوون

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی زانیاری و لێکۆڵینەوە لە دەستەی گشتی وەبەرھێنان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بە فەرمانی سەرۆکی دەستە سێ لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی بازاڕ و کارگە و پڕۆژەکانی ناوخۆ پێکھاتوون، دەشڵێ: چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندی کارگەکان دراون و ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەدەین.
ھەڵۆ سەلاح، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بە بڕیاری سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنان سێ لیژنە لەبارەی ڕەوشی بازاڕ و پڕۆژەکانی وەبەرھێنان و پیشەسازی پێکھاتوون، لیژنەیەک لە سلێمانی کاری لەسەر کارگەکانی چیمەنتۆ و شیش کردووە و لە دۆخی ئەو کارگانەی کۆڵیوەتەوە و چەند کێشەیەکیان ھەبوو، لەوانەش وەرگرتنی پارەی پشکنین و کێشەی گرانی نرخی کارەبا و ڕێگری لە ھاتنی ئاسن لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھاتنی بەرھەمی بیانی کە کاریگەری لەسەر بازاڕی ئەو کارگانەی ناوخۆ کردبوو.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی زانیاری و لێکۆڵینەوە دەشڵێ: ئێمە چەند پێشنیارێکمان داوەتە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، دەستخۆشی لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکانیش دەکەین، ڕەنگە ئەوانیش پێش ئێمە داوایان کردبێت و ھەوڵی خۆیان دابێت، دوو بڕیار لە بەرژەوەندی کارگەکان دەرچووە، زیادکردنی باج لەسەر بەرھەمی ھاوردە، لەگەڵ کەمکردنەوەی نرخی کارەبای کارگەکان.
ھەڵۆ سەلاح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی لەبارەی ڕێگریکردن لە ھاتنی ئاسن لە ناوچەکانی دیکەی عێراق قسەی کردووە و بەڵێنی ئەوەی داوە ڕێگری لە ھاتنی ئاسنی بەکارھاتوو ( سیکراب) نەکرێت بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئەوەش کاریگەری لەسەر کارگە ناوخۆییەکان دەبێت، چونکە جگە لە قەیرانی ئابووری کێشەی سیاسیش کاریگەری ھەبووە لەسەر کارگە ناوخۆییەکان وەک ئەو ڕێگریەی لە ھاتنی ئاسنی بەکارھاتوو کراوە.
قائید میرۆ




