ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ پەیڕەوی ناوخۆ ھەموار دەکاتەوە و ژمارەی لیژنەکانیش کەم دەکاتەوە

مووسڵ _KDP.info_ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ کۆدەبێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن دەدات و لیژنەکانیش ژمارەیان کەم دەکرێتەوە.
ئێریڤان مەھدی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەو ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و ڕێککەوتن کراوە لەبارەی ھەموارکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، ئەمڕۆ دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەکرێت، بڕیاریشە لەو چوارچێوەیەدا ژمارەی لیژنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ کەمبکرێنەوە.
ئێریڤان مەھدی گوتیشی: ئێمەش وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لیژنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ پشکی خۆمان دەبێت و ھەوڵدەدەین ئەو لیژنانەمان بەربکەوێت بتوانین لەڕێگەیانەوە خزمەتی خەڵکی مووسڵ بە گشتی و ناوچە کوردستانییەکان بە تایبەتی بکەین.
دەشڵێت: لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لەسەر ژمارەی لیژنەکانیش ڕێککەوتووین، بەڵام چاوەڕێ دەکەین دەنگی لەسەر بدرێت ئەوکات ئاشکرا دەکرێن.
بڵند ئیبراھیم




