ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە بۆتە پرسێکی نێودەوڵەتی
__2022_11_29_h16m18s58__ER_(1)__2024_03_04_h15m30s53__ER.jpg)
بەغد _KDP.info_ ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق گوتی: ئەمەریکا بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھاتۆتە سەر خەت و ئەو پرسە بەنێودەوڵەتی کراوە، ئیدی ماوەیەک بە عێراق دەدرێت ئینجا پێویستە دەستپێبکرێتەوە، بۆیە ئێستا دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لەسەر کات ماوە و دەستپێدەکاتەوە چونکە ئەوە موڵکی ھەموو جیھانە و پەیوەندی تەنیا بە وڵاتێکەوە نییە، بۆ ئەمەش ئەمەریکا بەڵێنی بە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوە دەست پێ بکاتەوە.
دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا باسی گرفتی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانی بۆ دەرەوە کردووە و ئەمەریکا پشتگیری خۆی بۆ دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دووپاتکردۆتەوە چونکە ئەو پرسە گرنگە و پێویستە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە دەست پێ بکاتەوە، ئەو بڕە نەوتەی ھەرێمیش گرنگە بەھۆی ئەوەی شەڕی روسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و ئەوروپاش تا ئێستا کێشەی کەمی نەوتی ھەیە، بۆیە ئەمەریکا دڵنایی داوەتە سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ حکوومەتی عێراق قسە بکات و ئەو ڕێکارانەی ماون تەواو بکرێن و ھەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.
دکتۆر سەباح سوبحی گوتیشی: ھیچ ڕێگرییەک لەبەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە نەماوە، تەنیا لەسەر کات وەستاوە ئێستا ئەو پرسە بە ئارەزووی تورکیا و عێراق نابێت و پرسەکە بەنێودەوڵەتی کراوە، پرسی وزە بۆتە سەرچاوەیەک لە سەر ئاستی جیھان، ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە دابینکردنی وزە بۆ جیھان، بۆیە ئەمە بۆتە موڵکێکی جیھانی و تەنیا وڵاتێک خاوەنی نییە و بەرژەوەندی وڵاتان و کۆمپانیاکان ھەمووی لەو پرسەدا هەیە، بۆیە ئێستا تەنیا لەسەر کات ماوە و دەستپێدەکاتەوە.
سوبحی باسی لەوەش کرد: ماوەیەک کات بە عێراق دەدرێت دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکات بۆ ئەوەی چ ڕێکارێکی ماوە دەست پێ بکاتەوە، چونکە زیانەکانی ڕاگرتنی نەوتی ھەرێم زۆرە و دەگاتە نزیکەی ١٢ملیار دۆلار، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە چیتر زیان نەکرێت و پرۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێ بکاتەوە.
بڵند ئیبراھیم




