دوای دووەم کۆبوونەوە گفتووگۆ بۆ پێکھێنانی حکومەتی خۆجەیی کەرکوک گەرموگورتر دەبێت

کەرکوک_KDP.info_ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک گوتی ، دوای دووەم کۆبوونەوەی لایەنە سەرکەوتووەکانی کەرکوک لەبەغدا بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارە لەماوەی دوو ھەفتە لایەنەکان گفتووگۆ بکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، بۆیە لەماوەی ئەو دوو ھەفتەیە گفتووگۆ لە نێوان لایەنەکان گەموگورتر بێت .
حەسەن شێخانی ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی ، دوێنێ دووەم کۆبوونەوەی لایەنەکان بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا ئەنجامدرا ، کە کەرکوک جیاوازە لەگەڵ شارەکانی دیکە بەھۆی فرە پێکھاتە و فرە رەنگی ، بۆیە ئەمە وای کردووە کاتی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی بتواندرێت حکومەتی خۆجەیی پێکبھێندرێت و رێککەوتن لە کۆبوونەوەی دوێنێ نەکراوە و لێکێتگەیشتنی باش ھەبووە بۆ ئەوەی بتواندرێت بگەنە رێککەوتن ، چونکە ئەو جۆرە دانیشتنانە بەئامادەبوونی ھەموو لایەنەکان وا دەکات بەرەورێککەوتن بچن و ھەمووان پێشنیاری خۆیان خستۆتە ڕوو و گفتووگۆی لەبارەوە دەکرێت بۆ ئەوەی کۆبکرێتەوە و لەسەر ی بگەنە رێککەوتن و ھەرچی خاڵی جیاواز ھەیە لەسەری بگەنە رێککەوتن ، بۆیە بڕیارە لەماوەی دوو ھەفتە بگەنە رێککەوتن و ھەرچی خاڵی جیاواز ھەیە چارەسەر بکرێت و دواتریش رێککەوتن بکرێت وئەنجومەن کۆبێتەوە.
حەسەن شێخانی گوتیشی، ئێمە وەکو پارتی داواکاری خۆمان خستۆتە ڕوو و لەگفتووگۆکانی ئەم دوو ھەفتە زیاتر باس دەکرێت ، بۆیە لەم دوو ھەفتەیە گفتووگۆی گەرموگور دەبێت ، چونکە نزیکەی ٣مانگە خەڵک لە چاوەروانیدایە و کاتی ئەوە ھاتووە لێتێگەیشتنی زیاتر ھەبێت و کۆتایی بەچاوەروانی خەڵک بێت وبگەنە رێککەوتن و ئەنجومەن کۆبێتەوە و حکومەتی خۆجەیی کەرکوک پێکبھێندرێت.
بڵند ئیبراھیم




