شێروان دوبەردانی" سندۆقێکی تایبەت بە ھەڵەبجە دادەنرێت لە عێراق"

ھەڵەبجە -KDP.info ئەمڕۆ یەک شەممە لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لەپەرلەمانی عێراق سەردانی پارێزگای ھەڵەبجەیان کرد و ئەندامێکی لیژنەکەش اماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەی شەھید دەدرێت و سندۆقێکی تایبەت بە پارێزگای ھەڵەبجەش دادەنرێت.
شێروان دوبەردانی، ئەندامی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند" ئەمڕۆ لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لەپەرلەمانی عێراق بەسەرۆکایەتیا خالید سامەرائی سەرۆکی لیژنە سەردانی پارێزگای ھەڵەبجە کردوە و پەیامی ھەموو سەرۆک و جێگر و ئەندامانی لیژنە لەگەل ئەوەیە ھەڵەبجە ببێتە پارێزگای نۆزدەھەم لە عێراق و لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا لەگەل دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆدەبینەوە و دەنگ لەسەر بڕیاری بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە دەدرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان گوتیشی" داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین ھاوشێوەی شنگال و ناسریە و ھەندێ ناوچەی دیکە سندۆقێکی تایبەت بۆ ھەڵەبجە بکرێتەوە، لەناو پڕۆژە یاسای بودجەش جێگەی ئەو سندۆقە بکرێتەوە و بەرلە ھاتنی ھەمواری یاسای بودجە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین بۆ دانانی سندۆقێک بۆ پارێزگای ھەڵەبجە.
شێروان دوبەردانی روونی کردەوە" ھەموو فڕاکسیۆنە کوردستانیەکان بەبێ جیاوازی لەسەر بڕیاری بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە ھاو دەنگین و لەگەل کۆتلەکانی دیکە کار دەکەین لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا لەگەل یادی کیمیابارانی ھەڵەبجە دەنگ لەسەر بڕیاری بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بدرێت و کەس و کاری قوربانیان قەرەبوو بکرێنەوە.
قائید میرۆ




