٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ" بەھۆی بارانی ئەمساڵ مەترسی لەسەر کشتوکاڵ نەماوە"

سەرچاوە: KDP.info

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەسەرەتادا مەترسی لەسەر بەرھەمی جووتیارانی گەرمیان ھەبوە، بەڵام بەھۆی بارانی ئەمساڵ گەنمی جووتیارانی گەرمیان لەمەترسی دەرچووە و دەڵێ، ئەمساڵ بەرھەمی گەنم زیاد دەبێت و پێشبینی رێژەیەکی باشی بەرھەم دەکەین.

کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بەمالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" ئەمساڵ تا ئێستا رێژەیەکی زۆری باران لەھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو داباریوە، لەسەرەتا ئێمە مەترسی ئەوەمان ھەبوو بەھۆی کەمی بارانەوە بەرھەمی گەنم لەناوچەی گەرمیان بکەوێتە مەترسیەوە و لەناو بچێت، بەڵام بارانی چەند رۆژی رابردوو کاریگەری زۆری ھەبوو لەسەر ھەموو ناوچەکان، بەتایبەتی بەرھەمی جووتیارانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەو مەترسیە دەرچوو.

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت" بارانی رێژەیەکی زۆری باران کاریگەری لەسەر زیادبوونی بەرھەمی دانەوێلە دەبێت و پێشبینی دەکەین رێژەی بەرھەم ھێنانی گەنم بەھۆی بارانەوە زیاد بکات، بەڵام لە بەرھەم گرینگتر بە بازاڕکردنی بەرھەمەکەیە.

کەریم سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" وەزارەتی کشتوکاڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەولێک دەدات رێژەی وەرگرتنی بەرھەمی گەنم زیاد بکرێت، چونکە ساڵی رابردوو تەنیا ٥٠٠ تۆن گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەر گیرا، ئەمساڵ ھەموو ھەولێک دەدەین بەرھەمی گەنم ساخ بکرێتەوە رادەستی حکوومەتی فیدڕاڵ بکرێت.
قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار