نانەکەلی: پارتی بۆ یەکخستنی نێوماڵی کوردی قوربانی زۆری داوە

ھەولێر _KDP.info_ بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەوروبەری ھەولێر گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکخستنی ناوماڵی کورد قوربانی زۆری داوە و بەردەوامیش دەبێت، ھەموو توانا و ھەوڵێکیش دەخەینە گەڕ بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەوروبەری ھەولێر، ئاری نانەکەلی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە لەگەڵ پێکەوەژیان و یەکخستن و یەکھەڵوێستی ناوماڵی کوردە، لە مێژوو و ئێستا و ئایندەش ئەمە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و دەبێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی میلەتی کورد، جا دەستکەوتی یاسایی بێت یاخود بابەتی دەستووری، نەخاسمە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بێت، ئەرکی ھەموو لایەنەکانە و ئێمەش وەکو پارتی بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین و بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێم ھەموو ھەوڵێک دەخەینە گەڕ، بۆ ئەوەی لە مەترسی و پلان و پیلانەکان بیپارێزین.
ئاری نانەکەلی گوتیشی: ئەوەی بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد دەکرێت بەدرێژایی مێژوو دوژمنانی کورد پلانیان ھەبووە بۆ ھەر جولانەوە و خەباتێکی کورد و کوردستان، ئێستا کورد خاوەن دامودەزگا و حکوومەتێکی دەستورییە و دوژمنان ھەوڵ دەدەن نەیھێڵن و لاوازی بکەن، بەڵام ئەرکی سەرشانی پارتییە بیپارێزێت و دەیپارێزێت.
نانەکەلی باسی لەوەش کرد: پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکخستنی ناوماڵی کوردیش قوربانی زۆری داوە، تەنانەت قوربانی ئەوەشی داوە لە پێگە و پایەی خۆی لە حکوومەت بۆ ئەوەی پێکھاتەکان و لایەنەکانی دیکە جێگەیان ببێتەوە، لە پێناو یەکڕیزی و تەبیایی ناوماڵی کورد .. لە ئێستا و لە داھاتووش بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد بەردەوام بێت.
سەرۆک بارزانی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕادیۆی مونت کارلۆ باسی لەوە کرد، ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ یەکخستنی نێوماڵی کوردی، بەڵام سازش لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان ناکەین.
بڵند ئیبراھیم




