٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایەکی زانکۆ: عێراق پێوەرەکانی دیموکراسی لەدەستداوە

سەرچاوە: KDP.info

سەرۆک بارزانی لە دیمانەیەکی ڕادیۆی مۆنت کارلۆ ئاماژەی بە مەترسیەکانی سەر پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق کرد و گوتی، بە ڕاشکاوی ئێمە نیگەرانین لە دۆخەکە، دیموکراسیەت لە عێراقدا لەژێر ھەڕەشەیەکی راستەقینەدایە، مامۆستایەکی زانکۆش پێی وایە، عێراق پێوەرەکانی دیموکراسی لەدەستداوە.

ڕەمەزان کێڤلی، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ساڵی ٢٠٠٥ عێراقی نوێ لەسەر بنەمایەکی دیموکراسی دامەزرا، زۆر ھەوڵ درا ھەموو لایەنەکان پەنا بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی دیموکراسی ببەن وەک سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراق کاری لەسەر بکرێت، بەداخەوە زۆر ئاستەنگ بۆ سیستەمی دیموکراسی لە عێراق دروست کران، لە ڕابردوودا دەستەبژێری سیاسی عێراقیان بەرە و زاڵبوونی ھێز برد، لە بڕی جێبەجێکردنی دەستوور پەنایان بۆ زۆرینە و ھێز برد.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەشڵێت: پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە عێراق بەشێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوە ناچێت و ئاستەنگی تایفی و سەربازی و سیاسی ھۆکارن لە نەگەیشتنی عێراق بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەڕووی جێبەجێکردنی سیستەمی دیموکراسی، چونکە ھەڵسەنگاندن بۆ پێوەری دیموکراسی لە ھەر وڵاتێکدا پێوەری خۆی ھەیە، ئەو پێوەرانە لە عێراق نابینین.

ڕەمەزان کێڤلی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: عێراق نەگەیشتووەتە دیموکراسیەکی بەھێز، دەکرێ بڵێین لە سەرەتادا ھەندێ ھەنگاو نران، بەڵام  دوای ئەوەی دەستەبژێرێک گەیشتنە دەسەڵات کار بە بنەماکانی دیموکراسیەت نەکرا، ئەوەی ھەیشە ئێستا لەژێر مەترسییەکی گەورەدایە، چونکە پاراستنی پێکھاتەکان و بنەماکانی پێکەوەژیان و بابەتی ھاووڵاتی بوون لە مەترسیدان، لەڕووی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ھاووڵاتی بوون و چەندین بابەتی دیکە کە پێوەرن بۆ ھەلسەنگاندنی پرۆسەی دیموکراسی لە پاشەکشەدان.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار