لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی پڕۆژەیەک بە زیاتر لە حەوت ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت

بەردەڕەش _KDP.info_ دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو سەرۆک بارزانی سەردانی قەزای بەردەڕەشی کرد و لەسەر ڕاسپاردەی جەنابیان بڕیاردرا ھۆڵێکی ڕۆشنبیری بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دینار دروست بکرێت، پڕۆژەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڕێوەبەری ھونەری و ڕۆشنبیری دھۆکیش دەڵێت: ئەو پڕۆژەیە لە بواری هونەری و ڕۆشنبیری خزمەتێکی باشی قەزای بەردەڕەش دەکات.
ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری ھونەری و ڕۆشنبری دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆژەی ھۆڵی ڕۆشنبیری لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی ئەنجام دەدرێت و کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەو پڕۆژە زۆر گرنگە بۆ پێشخستنی بواری ڕۆشنبیری و کارێکی پیرۆزە، لەبەر ئەوەی دەتواندرێت لەو ڕێگەیەوە چاڵاکی زۆر باش ئەنجام بدرێت، ئەو ھۆڵە خزمەتێکی باش لە بواری ڕۆشنبیری، ھونەری و کۆمەڵایەتی دەکات پێشکەشی ناوچەکە دەکات.
ئەمیر عەلی ڕوونیشی کردەوە: ئێمە ھەمیشە ویستوومانە ھۆڵ و مۆزەخانە و شوێنی دیکەش دروست بکرێت بۆ ئەنجامدانی چاڵاکی ھونەری و ڕۆشنبیری، لە پلانە ستراتیژییەکانمان گرنگی زۆرمان پێداوە، لەبەر ئەوەی بەبێ ھۆڵ ئەنجامدانی چاڵاکی ئەستەمە، بۆیە سەرۆک بارزانیش لەمیانەی سەردانەکەی بۆ بەردەڕەش ھەستی بەو بۆشاییە کردبوو و داوای کرد دروست بکرێت، لەبەر ئەوەی زۆر جار چاڵاکی گەورە بەھۆی نەبوونی ھۆڵ ئەنجام نەدراوە، بۆیە ئەو ھۆڵە سیمایەکی دیکە دەداتە قەزای بەردەڕەش.
دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو لەلایەن پارێزگاری دھۆک بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی ھۆڵی ڕۆشنبیری بەردەڕەش دانرا کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی دروست دەکرێت، دەست بە دروستکردنی پڕۆژەکە کراوە، ھۆڵەکە لە سێ بەش پێکھاتووە، ئەوانیش بەشی کارگێڕی و ھۆڵی دانیشتن کە جێگای ٩٤١کەس دەبێت لەگەڵ بەشی ستەیج و ژووری خۆگۆڕین، ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکەش ٥٤٠ ڕۆژە.
تێچووی پڕۆژەکە ٧ملیار و ٣٤٨ملیۆن و ١٩٨ھەزار و ٦٥٠دینارە و کۆمپانیای جێبەجێکار کە بەناوی کۆمپانیای شانیکە لە ٩/١/٢٠٢٤ دەست بەکاربووە و لە ٢٧/٢/٢٠٢٤ بە فعلی دەستیان بەکار کردووە و بەردەوام دەبن تا تەواو دەکرێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی قەزای بەردەڕەش.
بڵند ئیبراھیم




