نەجیبە نەجیب: ھیچ بیانوویەک بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران نەماوە
__2024_03_02_h15m42s31__ER.jpg)
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، بەغدا ھیچ بیانوویەکی بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەران نەماوە، دەشڵێ: پێش دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ھەردوو حکوومەت لەسەر جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە ناکۆکییە سیاسییەکان ڕێککەوتن.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پێش دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی داوای لە حکوومەتی فیدڕاڵ کردبوو بابەتی مووچەی فەرمانبەران لە ناکۆکییە سیاسییەکان جیا بکرێتەوە، ھەردوو حکوومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بەڵام سەپاندنی ھەندێ مەرج بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران دەچێتە خانەی سیاسی و بەداخەوە ناردنی مووچە و پشکی ھەرێمی کوردستان بەسیاسی کراوە.
ئەو ئەندامەی پێشووی لیژنەی داریی دەشڵێت: لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ حکوومەتی ھەرێم دەستی بە پرۆسەی ھەژماری من کردووە و ژمارە حیسابی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە، ئەگەر مەبەستی سیاسی لەپشت ھەندێ بڕیاری بەغداوە نەبێت ھەژماری من زۆر لەو ھەژمارە بانکییەی بەغدا پێشکەوتووترە.
نەجیبە نەجیب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەپێی ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدا لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵ ھیچ بەھانەیەک نەماوە بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر بۆ چەند ڕۆژێک ھۆکاری تەکنیکی نەبێت ئەوەی دیکە ھەمووی بیانوو گرتنە بە مووچەی فەرمانبەران و دەیانەوێ بە سەپاندنی ھەندێ مەرج دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لاواز بکرێت.
قائید میرۆ




