زێباری: پێشمەرگە بۆ ھەموو جیھانی سەلماندوە جێگەی متمانەی ھەمووانە
__2024_03_02_h15m24s32__ER.jpg)
ھەولێر _KDP.info _ ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی: لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و پڕ کێشە هەرێمی کوردستان تاکە ناوچەی ئارامە بۆ ھەموو وڵاتان، پێشمەرگەش بۆ ھەموو جیھانی سەلماندوە شوێنی متمانەی ھەمووانە، بۆیە بەردەوام ھاوکاری و پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگە دەکەن.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پشتگیریکردنی ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەمێکە جێگەی متمانەی ھەموو وڵاتانن، لەکاتی شەڕی داعش و تێکشکاندی تاوەکو پێشمەرگە ھاوکاری ھاوپەیمانانی نەکرد داعش تێکنەشکا، بۆیە پێشمەرگە لە ھەموو جیھان شوێنی خۆی کردۆتەوە و ھەر کاتێکیش ناوی پێشمەرگە دێت سەری خۆیان دەچەمێنن، ئەمەش بۆ ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی سەرۆکەکانمان دەگەڕێتەوە، ھەوڵدانی ئەوان لەگەڵ وڵاتان لە کۆڕبەندی داڤوس و سەردانی ئەمەریکا و سەردانی ئەوانیش بۆ ھەرێمی کوردستان و قوربانییەکانی پێشمەرگە، ھەمووی وای کردووە ڕێزێکی لەڕادەبەدەر لەھێزی پێشمەرگە بگرن.
بابەکر زێباری گوتیشی: جوگرافیای کوردستان و ناوچەی کوردستان پڕە لە ئاژاوە و کێشە، تاکە ناوچەی ئارام بۆ ھاوپەیمانان ھەرێمی کوردستانە، بۆیە ئەوان زیاتر پێویستیان بە ئێمەیە، بۆیە ھەوڵەکانیان لەشوێنی خۆیدایە و ھاوکاریەکانیش لە بەرژوەندی ھەردوولا دایە، ھەر بۆیە بەردەوام ھاوکاری پێشمەرگە دەکەن تا هێزەکانی یەک بخرێت و پرۆسەکەش زۆر بە جوانی و ڕێکوپێکی بەڕێوە دەچێت.
بڵند ئیبراھیم




