ئامانجی سەردانی شاندی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ قەزاکانی پارێزگای دھۆک، وەرگرتنی داواکاری و چارەکردنی کێشە و گرفتەکانە

دھۆک _KDP.info_ جێگری پارێزگاری دھۆک گوتی: سەردانی شاندی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پارێزگای دھۆک و قەزاکانی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەوەیە لە نزیکەوە ئاگاداری کێشە و گرفتەکان بن بۆ چارەسەرکردنیان و زانینی داواکاری خەڵکی ناوچەکانە، ھەر بۆیە سەردانەکان بەردەوام دەبن.
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەردانی شاندی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پارێزگای دھۆک کە ھەر جارە و سەردانی قەزایەک دەکەن، تا ئێستا سەردانی ئاکرێ، بەردەڕەش، شێخان، ئامێدی و ئەم ھەفتەیەش سەردانی دھۆک دەکەن، بۆئەوەیە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی خەڵک بن، هاوکات پێشنیار و ڕاسپاردەی یەکە ئیدارییەکان وەردەگرن بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییان بکەن، چونکە ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەتکردنی خەڵکە.
ماجد سەید ساڵح گوتیشی: ھەموو داواکاریێکی خەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن، ئێمەش ھەرچی کێشە و گرفت و داواکاری ناوچەکە ھەیە پێشکەشی شاندەکەی دەکەین، چونکە ھاتنیان بە جیا بۆ ھەر قەزایەک گرنگی خۆی ھەیە، ئێمەش داواکارییەکان لەڕێگەی قەزاکانەوە ئامادە دەکەین، لەبەر ئەوەی ئەوان زیاتر ئاگادارن و کاری ئەوانە.
کاتێک لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران سەردانەکان ئەنجام دەدرێن دڵنیاتر دەبینەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی تایبەت بە ھەموو ناوچەکان دەدات و خزمەتیان دەکات.
بڵند ئیبراھیم




