مەسروور بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبووەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس کۆبووەوە و جەختی لە جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێمی کوردستان کردەوە.
رۆژی پێنجشەممە (29ـی شوباتی 2024) مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و سێس مێڵتن و دۆن بەیکن و براد وێنسترەپ و ئەماتا کۆلمەن ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەشدار بوون .
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، کۆنگرێسمان بەیکن بە ناوی ئەندامانی کۆنگرێسەوە، بەخێرهاتنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و وەک جەنگاوەر و خەباتکاتکارێکی ڕێگەی ئازادی ناساند و جەختی لە گرنگیی پاراستنیی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی ئەمەریکای کرد و ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدرالی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بۆ سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، گوتیشی ڕێز و پێزانینمان بۆ ئازایەتیی و قارەمانیێتی و خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان هەیە.
گۆنگرێسمان مۆڵتن دووپاتی کردەوە کە ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ بەهێزبوونی هەرێمی کوردستانین.




