٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خالید عەباس: تۆمارکردنی دەنگدەران بۆ پێنج ڕۆژ درێژکرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەرپرسی ئوفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەمڕۆ ماوەی تۆمارکردنی دەنگدەران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ درێژکرایەوە و دەڵێ، پارێزگای دھۆک لەسەر ئاستی عێراق بە پلەی یەکەم دێت.

خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئوفیسی پارێزگای دھۆکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ دوا ڕۆژی تۆمارکردنی ھاووڵاتییان بوو لە سیستەمی بایۆمەتری دەنگدەران، بەڵام ھەر ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا بە درێژکردنەوەی ماوەی خۆ تۆمارکردن بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ، بەپێی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵا ھەتا ڕۆژی ٥ی ئادار ھاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن و بەشداربن لە پرۆسەی بایۆمەتری دەنگدەران.

بەرپرسەکەی کۆمسیۆن گوتیشی: ئەمە بۆ جاری دووەمە وادەی تۆمارکردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە درێژ دەکرێتەوە ئەوەش ھەنگاوێکی باشە، چونکە ئەو دەنگدەرانەی تا ئێستا بەھەر ھۆکارێک نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن دەتوانن لە ماوەی پێنج ڕۆژی داھاتوو خۆیان تۆمار بکەن.

خالید عەباس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە سیستەمی بایۆمەتری دەنگدەران پارێزگای دھۆک لەسەر ئاستی عێراق بە پلەی یەکەم دێت، چونکە ڕێژەی تۆمارکردنی دەنگدەران گەیشتووەتە ٨٤%، ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق، تیمەکانمان بەردەوام لە ئەرکدان بۆ ئەوەی زۆرترین ھاووڵاتی بەشداری بکەن لە بایۆمەتری و مافی دەنگدانیان ھەبێت لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ھەرێمی کوردستان.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار