سەروان گۆمەشینی: نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی نێوەندگیری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەبینێ

ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکی ئەرمینیا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە، شرۆڤەکارێکی سیاسیش دەڵێ: سەردانەکە گرینگە بۆ ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ھەرێم ڕۆڵی نێوەندگیری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەبینێ.
سەروان گۆمەشینی، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێم پێشوازی لە سەرۆکی وڵاتێک کرد کە لە ناوچەکەدا جێگەی بایەخە، بەتایبەتی ئەرمینیا پاڵپشتی و پشتیوانییەکی زۆری ھەیە لەلایەن دەوڵەتی ڕووسیاوە، ھاتنی سەرۆککۆماری وڵاتێک بۆ ھەرێمی کوردستان ئەو ڕاستییە دەردەخات ھێشتا ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەھێزی ھەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ھەر چەندە ھێشتا ھەندێ کێشەمان ھەیە لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ، بەڵام سەرۆکی ھەرێم پێگەیەکی ئاست بەرزی ھەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیھان و دەوروبەر.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەشڵێت: نێچیرڤان بارزانی کە ئەمڕۆ پێشوازی لە سەرۆکی ئەرمینیا کرد، پەیامێکی زۆر ئاشکرایە کورد و ھەرێمی کوردستان لە پێگە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان دابڕاو نین و دایش نابڕاێن.
سەروان گۆمەشینی ڕوونی کردەوە: پێشتر سەرۆکی ھەرێم سەردانی ئازەربایجانی کردبوو، ئێستاش سەرۆکی ئەرمینیا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات، پێگەی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم پێگەیەکی گرینگە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە، چونکە ھەردوو وڵات لە کێشەدان و کێشەشیان لەسەر ناوچەیەکی دیاری کراوە کە ھەردوو وڵات بەھی خۆیانی دەزانن.
لەبارەی ڕۆڵی سەرۆکی ھەرێم لە کێشەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان گۆمشینی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: نێچیرڤان بارزانی وەک نێودەندگیر بەشدار دەبێت لە کێشەی ھەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان، ئەگەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆش نەبێت بە ناڕاستەوخۆ، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەدات و پێشتریش سەردانی ئازەربایجانی کردووە.
قائید میرۆ




