مەلا یاسین: دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەت ھەڵەبجە دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانی
_(1)__2024_02_28_h19m58s40__HK.jpg)
گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان ئاشکرای کرد، سەردانی سەرۆکی حکوومەت و شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای ھەڵەبجە کاریگەری ھەبووە لەسەر پارێزگاکە و دەشڵێ: دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت پارێزگای ھەڵەبجە دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوادانی و چەندین ڕێنمایی لەسەر ھەڵەبجە ھەڵگیراون.
مەلا یاسین، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەردانی سەرۆکی حکوومەت مەسروور بارزانی و قواباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و تیمی حکوومەت کاریگەری ھەبووە لەسەر پارێزگای ھەڵەبجە، چونکە ئاوڕێکی جیدی لە ھەڵەبجە درایەوە، جگە لە دانانی بەردی بناغە بۆ پڕۆژەی ستراتیژی نۆ بڕیاریشی لەبارەی پارێزگای ھەڵەبجەوە پەسەندکرد، بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت گەیشتوونەتە پارێزگاکە.
گوتەبێژی وەبەرھێنەران دەڵێت: ھەندێ لەو خاڵانەی زۆر گرینگن، دامەزراندنی ٥٠٠ کەسە بۆ ھەڵەبجە، ھەروەھا قیڕتاوکرنی ٢٠٠ ھەزار مەتر جادە و ڕێگاکانی پارێزگاکە، لەسەر پێشنیاری یەکێتی وەبەرھێنەرانیش ڕەزامەندی دراوە لەسەر گەشەپێدانی وەبەرھێنان لەو ناوچانەی کەم گەشەی سەندووە و ئاسانکارییان بۆ بکرێت، پارێزگای ھەڵەبجەش لەو ناوچانەیە کەم گەشە کردووە لەڕووی وەبەرھێنانەوە، سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی لەسەر چەندین خاڵ بۆ پارێزگای ھەلەبجە دەربڕیوە.
مەلا یاسین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: چەندین ڕێنمایی ھەبوون .. لەسەر ھەڵەبجە ھەڵگیراون لەبەر ئەوەیش وەبەرھێنەرانی ئێمە لەجیاتی ڕوو بکەنە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەتوانن بێنە ھەڵەبجە، چونکە ھەڵەبجە ھەموو ڕێنماییەکانی لەسەر ھەڵگیراوە، دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەت ئاھێک بە ھەڵەبجەدا ھاتووەتەوە و پێشبینی دەکەین پارێزگای ھەڵەبجە بچێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانی.
قائید میرۆ




