ئێریڤان مەھدی: ئەندامێکی شنگال لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەست بەکار بوو

ئەندامێکی کۆتلەی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەمڕۆ سێشەممە نوێنەرێکی دەڤەری شنگال وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەست بەکار بوو دەڵێ: ئەو پۆستانەی لە ئیدارەی شارەکە ماون یەکلایی دەکرێنەوە.
ئێریڤان مەھدی، ئەندامی کۆتلەی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ کاندیدی یەدەگی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جەمال شەشو سوێندی یاسایی خوارد و وەک ئەندامی ئەنجوومەن لەسەر کۆتلەی پارتی دەست بەکار بوو، ئەویش دوای دەست لەکار کێشانەوەی فارس بریفکانی ئەندامی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە حەفتەی ڕابردوودا.
ئەندامەکەی پارتی گوتی: جەمال شەشو ئەندامی یەدەگ بوو لە لیستی پارتی و خەڵکی دەڤەری شنگالە، ھەرچەندە نوێنەرایەتی ھەموو پارێزگای نەینەوا دەکات، بەڵام پارتی دەیویست ئەندامێکی ئەنجوومەن لە دەڤەری شنگال بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی و کوردانی ئێزدی تا نوێنەرایەتی قەزای شنگال بکات لە ئەنجوومەن.
ئێریڤان مەھدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەردەوامن و لەدوای ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن و یەکلایی کردنەوەی لیژنەکانی ئەنجوومەن دەست بە دانانی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگای نەینەوا دەکرێت، بەگوێرەی ئەنجامی ھەڵبژاردن و ڕێکەوتن ھەر لایەنە و ژمارەیەک پۆستی بەردەکەوێت.
قائید میرۆ




