دەستەی وەبەرھێنان: ھەنگاوەکانی دروستکردنی ٢٠ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی

ھەولێر _KDP.info_ گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی: ڕێکارەکانی دروستکردنی ٢٠ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون تەواو بوونە و تەنیا ماوە بەردی بناغەی پڕۆژەکان دابنرێت کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، ھۆکاری دواکەوتنیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێمە ھەوڵ دەدەین یەکەکان بێ پێشەکی و بە قیستێکی کەم بن بۆ ئەوەی نەبێتە بارگرانی بەسەر ھاووڵاتییانەوە.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەنگاوی زۆر باش نراوە لە دروستکردنی ٢٠ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان، ئێستا لەگەڵ ئەو وەبەرھێنەرانەی ئەو پڕۆژانە ئەنجام دەدەن سەرقاڵی ئەوەین بە جۆرێک لەگەڵیان بگەینە ڕێککەوتن قیستەکان نەبنە بارگرانی بەسەر ھاووڵاتییاندا و بە کەمترین قیست و بێ پێشەکی بدرێتە ھاووڵاتییان.
بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی: لە ھەموو ھەرێمی کوردستان زەوی تەرخانکراوە بۆ ئەو پڕۆژانە و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا یەکلایی بکرێتەوە و دەست بە دروستکردنیان بکرێت، ڕێکارە ئیدارییەکان تەواو بوونە و لەگەڵ وەبەرھێنەران لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی یەکەکان بە کوالێتییەکی بەرز و قیستێکی کەم دروست بکەن و ناوەکانیش ئامادەن، بۆیە ئێستا تەنیا ماوە دەست بە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکان بکرێت کە سەرۆکی حکوومەت خۆی ئامادە دەبێت، ئێستا چاوەڕێی کاتێکی گونجاو دەکەین بەردی بناغە دابنرێت، بۆیە ھاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە ئەو پڕۆژانە لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێن.
بڵند ئیبراھیم




