٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تەنیا دوو ڕۆژ ماوە، کۆمسیۆنیش داوا لە ھاووڵاتییان دەکات ئەم دەرفەتە لەدەست خۆیان نەدەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ جێگری بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: ماوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران تا کۆتایی ئەم مانگەیە و تەنیا دوو ڕۆژ ماوە، بۆیە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین ئەگەر خۆیان تۆمار نەکردووە بێن خۆیان تۆمار بکەن و ئەو دەرفەتە لەدەست خۆیان نەدەن.

بۆتان شێرکۆ، جێگری بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی کۆمسیۆن دەرگای تۆمارکردنی بایۆمەتری دەنگدەرانی لە سەرەتای ئەم مانگەوە بۆ ٢٠ی مانگ کردەوە، دواتر تا کۆتایی ئەم مانگە درێژی کردەوە، ئێستا بەرەو کۆتایی مانگ دەڕۆین و تەنیا دوو ڕۆژ ماوە و دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی تا ئێستا ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە بێن ناویان تۆمار بکەن لە بنکەکانی خۆمان کە ھەموو ڕۆژ کراون و ھاووڵاتییان دەتوانن بێن سەردانمان بکەن، بە تایبەت ئەوانەی لەدایکبووی ٢٠٠٦ن، چونکە ئێستا ئەوانیش مافی دەنگدانیان ھەیە و دەتوانن بێن خۆیان تۆمار بکەن.
بۆتان شێرکۆ گوتیشی: خەڵک لەو ماوەیە بە شێوەیەکی بەرچاو دێن سەردانمان دەکەن و ناوی خۆیان تۆمار دەکەن بۆ ئەوەی لە پرۆسەی دەنگدان بێبەش نەبن، ئێمەش تەواوی ئاسانکاری و ھاوکارییان دەکەین.
شێرکۆ باسی لەوەش کرد: تا ئێستا دیار نییە لەو ماوەیەی بۆ تۆمارکردن دیاری کراوە کۆتایی پێدێت یاخود درێژدەکرێتەوە، چونکە پێویستە کۆمسیۆن لە بەغداوە بڕیار بدات.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار