بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دھۆک: دەست بە نوژەنکردنەوەی دھۆکی کۆن دەکرێت
_(1)__2024_02_27_h16m20s33__ER.jpg)
دھۆک_KDP.info_ بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دھۆک گوتی: ڕێکارەکانی نوژەنکردنەوەی دھۆکی کۆن تەواو بووە و چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی سێ دەست بە نوژەنکردنەوە بکرێت کە دەبێتە شوێنێکی مێژووی و شوێنەواری و کەلەپووری و گەشتوگوزاری.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دھۆک، دکتۆر بێکەس بریفکانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیار دراوە دھۆکی کۆن لەسەر ھەمان شێوازی خۆی نوژەنبکرێتەوە، دوای ئەوەی بەدیکۆمێنتمان کردووە و کۆتایی پێھاتووە، پلانمان هەیە لە سەرەتای مانگی سێ بەشێوەی کرداری دەست بە نوژەنکردنەوەی بکەین و ببێتە شارێکی شوێنەواری و کەلەپووری و گەشتیاری، چونکە مێژووی دروستکردنی ئەو شارە زۆر کۆنە و ئێستاش ٩١ یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت بەشێک لەوانە زەوییە و ھەندێکیش بینای نوێن و ٢٧یشیان کەلەپووری و شوێنەوارین، بۆیە دەمانەوێت ببێتە شوێنێکی مێژوویی و گەشتوگوزاری و مۆزەخانە و چایخانەی کەلەپوری و بازاڕی کۆنی ھەبێت و کەلوپەلی کۆنی لێ بفرۆشرێت و چاڵاکی ھونەری لێ ئەنجام بدرێت و سەرەنجی گەشتیاران بۆخۆی ڕابکێشێت.
دکتۆر بێکەس بریفکانی گوتیشی: بڕیارە لەسەر ھەمان شێوازی خۆی و بە هەمان کەرستە نوژەن بکرێتەوە، کاری دیکۆمێنتکردن تەواوبووە و دەست بە کاری نوژەنردنەوە دەکەین، پارێزگاری دھۆکیش بڕیاری داوە بودجەمان بۆ خەرج بکات، بۆیە خەمڵاندنی بۆ دەکەین ئەوکات دیار دەبێت چەند بودجەی پێویستە، پارێزگار داوای لە ئێمە کردووە پەلە بکەین لە دەستکردن بە نوژەنکردنەوە چونکە سیمایەکی جوانتر بە پارێزگای دھۆک دەبەخشێت.
بڵند ئیبراھیم




