سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له باڵیۆزى نوێى قه‌ته‌ر كرد

هه‌ولێر-KDP.info- پێشینوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2024/2/27 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سوڵتان بن موباره‌ك ئه‌لكوبه‌یسى، باڵیۆزى نوێى قه‌ته‌ر له عێراق، وێڕاى پیرۆزبایى بۆ ده‌ستبه‌كاربوون و هیواى سه‌ركه‌وتن له ئه‌ركه‌كانیدا، خۆشحاڵیى خۆى به ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه كه ده‌رفه‌تى باش بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانیان هه‌ن.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز باڵیۆزى نوێى قه‌ته‌ر، خۆشحاڵیى خۆى به ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك باڵیۆزى وڵاته‌كه‌ى له عێراق نیشاندا، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌موو ده‌رگاكانى قه‌ته‌ر به ڕووى عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كراوه‌ن. له‌مباره‌یه‌وه ئاماژه‌ى به‌وه كرد كه قه‌ته‌ر خوازیاره له بواره‌كانى وه‌به‌رهێنان، ئابوورى، كولتوورى و چه‌ندین بوارى دیكه‌دا بره‌و به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بدات.




